کەناڵی TF1ی فەڕەنسی : پاڤێل دورۆڤ دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێ کاری کۆمپانیای تێلێگرام لە پاریس دەستگیرکرا
پەیامی کورد ... کەناڵی TF1ی فەڕەنسی : پاڤێل دورۆڤ دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێ کاری کۆمپانیای تێلێگرام لە پاریس دەستگیرکرا
کەناڵی TF1ی فەڕەنسی بڵاویکردەوە ، پاڤێل دورۆڤ دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێ کاری کۆمپانیای تێلێگرام لە فڕۆکەخانەی لۆبۆرگێت لە گەڕەکی پاریس دەستگیرکراوە.
بەپێی ئەم کەناڵە هەواڵییە، پۆلیسی فەڕەنسا دورۆڤیان دەستگیرکردووە کاتێک لە فڕۆکەخانەی لۆبۆرگێت «Le Bourget» لە فڕۆکەی جێتی تایبەتی خۆی دابەزیوە. تا ئێستا هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە دیاری نەکراوە.
میدیای فەڕەنسی TF1 بە گێڕانەوەی سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەی دورۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو ڕێگەی داوە چەندین تاوان لەسەر پلاتفۆرمی خۆی ئەنجام بدرێت و هیچی نەکردووە بۆ ڕێگریکردن لێیان".
دەیلی مەیڵ بڵاویکردەوە، دورۆڤ کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ناوخۆ دەستگیرکراوە و پاسەوانەکەی لەگەڵیدا بووە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە گەشتەکەی دورۆڤ لە ئازەربایجان ەوە لە فەڕەنسا نیشتووەتەوە.
پێشتر فەڕەنسا بە تۆمەتی تیرۆر، قاچاخ، سپیکردنەوەی پارە، ساختەکاری و پیلانگێڕی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوو و ئەم فەرمانی دەستگیرکردنە تەنها لە فەڕەنسا کارا بوو. دورۆڤ دەیزانی ئەگەری زۆرە لە فەڕەنسا دەستگیر بکرێت، بۆیە کەمتر گەشتی لە ئەورووپا دەکرد و خۆی لەو ووڵاتانە بەدوور دەگرت کە تێلێگرام لەژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکاندا بوو.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی دورۆڤ خاوەنی کۆمپانیای تێلێگرام لە فەڕەنسا، نرخی پشکەکانی تون تۆکن و پشکەکانی تێلێگرام ڕووبەڕووی دابەزینێکی گەورە بوونەتەوە.
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سپۆتنیک نووسیویەتی: بڕیارە ئەمشەو پاڤێل دورۆڤ بەکاتی ناوخۆ لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئامادە بێت بە ئامانجی دادگاییکردنی ڕۆژی یەکشەممە بە چەندین تۆمەت.
ئەم بابەتە 97528 جار خوێندراوەتەوە