"گرفتی مووچەی فەرمانبەران چارەکراوە"
پەیامی کورد ... "گرفتی مووچەی فەرمانبەران چارەکراوە"
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ووتی: سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوو و دەستکەوتی باشی ھەبوو و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠٢٣ی بوودجەی عێراق کرد، بوودجە بەو شێوەیەی ئێمە دەمانویست، لە حکوومەت ڕۆیشتە پەرلەمان و پەسەند کرا.
دکتۆر موحەمەد شاکر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ، ڕایگەیاند : سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و کۆمەڵێک پرسی لەگەڵ لایەنەکان باسکردن کە پرسی سەرەکی مووچە و بوودجە بوون و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی گفتوگۆی کرد، لەگەڵ چەند بابەتێکی دی، وەکوو ماددەی ١٤٠ و نەوت و چەند پرسێکی دیکەش، ھەرجارێک سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەغدای کردبێت کێشەکان لەماوەیەکی کورتدا چارە کراون، شاندەکانی حکوومەتیش ھەموو کات لە ژێر چاودێری جەنابیانە، بەڵام کە خۆی سەردان دەکات کاریگەری گەوەرەی ھەیە. یەکێک لەو کێشانەی چارە بووە .. ھەوڵێک ھەبوو دەنگ لەسەر خشتەکانی بوودجە نەدرێت بەو جۆرەی بۆ حکوومەت ڕەوانە دەکرێت، وەکوو ساڵی ٢٠٢٣ کە لە حکوومەت ڕەوانەکرا و لەوێ دەستکاری کرا، وەکو ئەوە پەسەند نەکرا کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا، ئەم جارەش نیاز ھەبوو ھەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانەی دوایی دا ئەو گرفتەی چارەکرد و بوودجەش وەکوو ئەوەی ئێمە ویستمان پەسەند کرا.
دکتۆر محەمەد شاکر ووتیشی: لەبارەی ناردنی مووچە دوای پەسەندکردنی بوودجە مووچەی فەرمانبەران لە نەفەقاتی فعلی جیاکراوەتەوە، ئێستا بوودجە بۆ مووچە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لێ ھاتووە، بۆیە بە ھیچ پرسێک گرێنەدراوە و پێویستە حکوومەتی عێراق مانگانە مووچە ڕەوانە بکات و ئەو پرسە چارەکراوە و دەنگیشی لەسەر دراوە و پەسەند کراوە، لەمەودوا مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تەوتینیش تەواوبێت کە پرۆسەی ھەژماری من کاری لەسەر دەکرێت.
دەشڵێت: ئەو مەرجەی لە بوودجەدا ھاتووە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داھات ڕادەست بکات، جێبەجێی کردووە، بۆیە گرفتی بەردەم ھاتنی مووچە چارەبووە و لەمەودوا پێویستە بەپێی یاسای بودجە مانگانە و لەکاتی خۆیدا مووچە ڕەوانە بکرێت.
ئەم بابەتە 35542 جار خوێندراوەتەوە