گرووپی مافەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە هەرێمی کوردستان داخرا

پەیامی کورد   ...  گرووپی مافەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە هەرێمی کوردستان داخرا

دادگایەک لە هەرێمی کوردستان فەرمانی کرد بە داخستنی ڕێکخراوی ڕاسان بەهۆی "چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا"، رێکخراوی هیومان ڕایتس ڤۆچیش لەو بارەیەوە رایدەگەێنێت، ئەو رێکخراوە تاکە ڕێکخراوی مافی مرۆڤە کە ئامادەیە بە شێوەیەکی زارەکی پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازی مێینە و نێرینە، دوو ڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاوەکانی سەر بە کۆمەڵەی پەلەکەزێڕینە بکات لە هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی ماڵپەڕی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوبەری ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە ڕێکخراوی هیوومان ڕایتس ڤۆچ رایگەیاندوە، "داخستنی ڕاسان تەنها هێرشکردن بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی نییە لە کوردستان، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ئەو کەسە پەراوێزخراوانەی کە پشتگیریان دەکەن، بە داخستنی ڕاسان، حکوومەت پەیامێکی ڕوونی ناردوە کە ڕێز لە ئازادی کۆمەڵەکان ناگرێت".

هاوکات، تانیا کەمال دەروێش بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ڕاسان بە هیومان ڕایتس ڤۆچی ڕاگەیاندوە، "هۆکاری گریمانەیی بۆ داخستنی گرووپەکە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە نەبووە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەوە بوە کە دادوەر کێشەی لەسەر لۆگۆکەیان هەبوە، کە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەی لەخۆگرتوە، لە فەرمانی دادگادا هاتووە کە لیژنەی پسپۆڕان پشتڕاستیکردەوە کە لۆگۆی ڕێکخراوەکە دەربڕینێکی ڕوونە بۆ چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا".

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باسی لەوەکردوە، "داخستنی ڕاسان بەشێکە لە شەپۆلێکی بەرفراوانتر لە چەوساندنەوە و بەئامانجکردنی چالاکیەکان و کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە لایەن دەسەڵاتدارانی خۆجەیی کورد لەم ساڵانەی دوایی دا. هیومان ڕایتس وۆچ پێشتر بە ئامانجگرتنی کەسانی سەر بەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی بە شێوەی ئۆنلاین و تووندوتیژی دژی کەسانی سەر بە کۆمەڵەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە، بە حکوومەتی هەرێمیشەوە بەبەڵگە کردوە".

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ ئەوەشی روونکردوەتەوە، داخستنەکە دەرئەنجامی سکاڵایەکی یاساییە کە لە مانگی (شوبات/2)ی 2021 لەلایەن عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە لەسەر ڕاسان تۆمارکرابوو، کە ڕاسانی بە "بڵاکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی" و "ئەنجامدانی ئەو چالاکیانەی کە سەرپێچیکردنە لە دابونەریت و ڕەوشتی گشتی" تۆمەتبار کرد، هەروەها سکاڵایەکی ئاڕاستەی بەرزان ئەکرەم مەنتیق سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەزگایەکی فەرمی بەرپرسیارە لە تۆمارکردن، ڕێکخستن و چاودێریکردنی سەرجەم ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێم.

باسی لەوەشکردوە، لە دوای تۆمارکردنی داواکە، پۆلیسی خۆجەیی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 11 چالاکوانی مافەکانی سەر بەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەرکرد کە کارمەندی ئێستا یان پێشوی ڕاسان بون بە پشتبەستن بە مادەی 401ی یاسای سزادان، کە "نائاکاری گشتی" بە تاوان دەزانێت.

لەوبارەیەشەوە تانیا کەمال دەروێش ئاشکرای کردوە، "فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پشتگیری لە سکاڵاکەی پەرلەمانتار عومەر گوڵپی دەکات لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوە دواکەوتوییە، دەبو فەرماگەکە پشتگیریمان بکات، نەک دژی ئێمە بوەستن".


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە