گۆلی ورمێ خەریكە بە تەواوی ووشك دەبێت

پەیامی کورد   ...   گۆلی ورمێ خەریكە بە تەواوی ووشك دەبێت

حوجەت جەباری، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی ورمێ، ڕایگەیاندووە کە تەنیا توێژێکی ناسک لە ئاو لە باکووری گۆلەکە ماوەتەوە؛ توێژێک کە لە هەندێک شوێن دا ٤ تا ٥ سانت ئەستوورە و ئیتر ناکرێ وەکوو ڕووبەری ئاو ناوی لێ ببردرێت.

ناوبراو هۆشداری داوە کە بە درێژەکێشانی ڕەوتی هەنووکەیی، لە ماوەی ٥ یان ٦ ڕۆژی داهاتوودا، بەشی باکووری گۆلەکە بە تەواوەتی ووشک دەبێت.

ئەمە یەکەم جارە کە بەشی باکووری گۆلی ورمێ کە پێشتر لە ساڵەکانی قەیرانیش دا لانیکەم ٧٠٠ کیلۆمیتری دووجا ڕووبەری ئاوی هەبوو، تا ئەم ئاستە مەترسی لەناوچوونی لەسەر بێت.

لە کاتێکدا کە بەشی باشووریش دۆخیكی باشی نییە و قووڵایی ئاوەکەی لە نێوان ١٥ هەتا ٢٠ سانت دا خەمڵێندراوە، زەنگی مەترسی بۆ لەناوبردنی گۆلەکە لێ دراوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە: بە دریژەکێشانی ئەم ڕەوتە، گۆلی ورمی هەتا کۆتایی هاوین بە تەواوەتی ووشک دەبێت، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەم قۆناغە بەڵام مەودایەکی زۆترمان نەماوە.


ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە