گەورەترین پڕۆژەی ئاژه‌ڵداری و شیره‌مه‌نی له‌سه‌ر ئاستی عێراق لە دهۆک لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە کرایەوە

پەیامی کورد   ...   گەورەترین پڕۆژەی ئاژه‌ڵداری و شیره‌مه‌نی له‌سه‌ر ئاستی عێراق لە دهۆک لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە کرایەوە

دووشەممە، ٠٧-١٠-٢٠٢٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی "کاڤین فارم"ـی کردەوە کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگا و بەرھەمھێنانی ماست و شیر و پەنیر.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ووتارێکدا ڕایگەیاند: "جێگەی دەستخۆشی و شانازییە پڕۆژەی لەم شێوەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان کە لە دەڤەری سێمێل جێبەجێ کراوە. نەک تەنھا دەڤەری سێمێل، بەڵکوو پارێزگای دھۆک و پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش سوود لەم پڕۆژەیە وەردەگرن". 

پڕۆژەکە، وەکوو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد: "کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پێشخستنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت و سەدان دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییانی دەڤەری سێمێل دەڕەخسێنێت". ھەروەها ووتی: "پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، ھەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکە بە ئامانجی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات". 

مەسروور بارزانی جەختیشی کردەوە: "دابینکردنی خۆراک بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانمان، پاراستنی ئاسایشی خۆراک بۆ ھەر وڵات و نەتەوەیەک، شتێکی زۆر پێویستە، خۆشحاڵم کە دەبینم لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بۆ ئەو ئامانجە دەنێین". 

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: "خوا پشتیوان بێت لە بەرنامەماندایە لە ئاییندەدا بایەخێکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازیی لە ھەرێمی کوردستان بدەین کە بە دڵنیاییەوە پێشخستنی ئەو کەرتە، سەدان ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت". 

مەسروور بارزانی لەبارەی بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیارن، ئاماژەی بەوە دا: "لە ماوەی ڕابردوودا زۆر ھەوڵمان داوە کوردستان بە بازاڕی جیھانییەوە ببەسترێت بەو ئامانجەی دەرگا بە ڕووی ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیارانمان بۆ دەرەوەی وڵات بکەینەوە، تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبووین و تاوەکوو ئێستا چەندان بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی وڵاتانی کەنداو و جیھان کراون". 

سەرۆکی حکوومەت پێی وایە ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی جووتیاران بۆ دەرەوە، زۆر ھاوکار دەبێت بۆ ڕێکخستنی بابەتی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ھەیە، خۆشحاڵم کە دەبینم پڕۆژەکانی کشتوکاڵ یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن کە دڵنیام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەھێزکردنی ئابووریی وڵاتەکەمان دەبێت.


ئەم بابەتە 31322 جار خوێندراوەتەوە