گەڕانەوەی خێرای گەمارۆوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران؛ ترامپ بڕیاری ڕاگرتنی سزاکانی هەڵوەشاندەوە

پەیامی کورد   ...   گەڕانەوەی خێرای گەمارۆوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران؛ ترامپ بڕیاری ڕاگرتنی سزاکانی هەڵوەشاندەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کاتی کۆشکی سپی بۆ ڕاگرتنی سزا نوێیەکانی سەر ئێران،  جارێكی دیكە فشارە ئابوورییەکانی سەر تارانی زیاتر کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وال ستریت ژورناڵ، ئەم بڕیارە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە ووتەبێژی کۆشکی سپی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانی بە وەزارەتەکانی گەنجینەی ئەمریکا و دەرەوە کرد کە خۆیان لە سەپاندنی سزای نوێ بەدوور بگرن.

ڕاگرتنی کورتخایەنی سزاكان کە وادیارە بۆ خۆش کردنی ڕێگا بۆ دانووستانە ئەتۆمییەکان داڕێژرابوو، لەگەڵ دژایەتییەکی ڕاستەوخۆی ترامپ بەرەوڕوو بووەوە و نیشانەکانی دابەش بوونی ناوخۆیی لەناو تیمی سیاسەتی ئیدارەکەیدا ئاشکرا کرد. 
بەڵام کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی گەڕانەوەی سزاکانی ڕاگەیاند و پاکێجێکی نوێی سزاكانی بەسەر ١٠ کەس و ٢٧ لایەنی پەیوەنیدار بە تۆڕی دارایی نهێنی ئێران دا سەپاند، لەنێویاندا لە چین و هۆنگ کۆنگ و ئیمارات. ئەمە یەکەم خولی سزاکانە لە دوای ٣١ی بانەمەڕەوە.

 


ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە