گەڕووسی سەبارەت بە هەڕەشەی گۆڕینی سیاسەتی ناوکی هۆشداری دا بە ئێران
پەیامی کورد ... گەڕووسی سەبارەت بە هەڕەشەی گۆڕینی سیاسەتی ناوکی هۆشداری دا بە ئێران
ڕافاێیل گەڕووسی بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی یەوە ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەڕەشە ناڕاستەوخۆکانی ئەم دواییەی تاران سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە واز لە قسەکردن سەبارەت بەو بابەتە بێنن.
ڕافائیل گەڕووسی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ دەیڤید کامێرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی قسەی کردووە، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەی گاردییەنی بەریتانیای ڕاگەیاند، قسە ئاشکراکانی کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ من زۆر جیددییە و پێم وایە خەریکە لە دۆخێک نزیک دەبینەوە کە ڕووبەڕووی پرسیاری گەورە دەبینەوە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خەریکی چین و بۆ دەستیان کردووە بە هەڕەشە کردن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆخی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پشکنینی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە قۆناغێکی سەختدایە وتی لێدوانەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئەتۆمییەکاندا، ئەگەری درووستبوونی قەیرانی نوێ لەگەڵ تاران و کشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی زیاد کردووە.
ناوبراو ڕەخنەی ئەوی گرت کە ڕێژیمی ئێران ڕێگەی بە چاودێران نەداوە و ئێستا ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نییە، ئەمە ساتێکی زۆر هەستیارە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە نازانین ئێران چی هەیە و چی نییە.
هەر لەم پەیوەندیەدا کەماڵ خەڕازی، ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری ئێران عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێکمان بۆ درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نییە ، بەڵام ئەگەر بوونی ئێمە بکەوێتە مەترسییەوە، ناچار دەبین دوکتورینی ئەتۆمی و سەربازیمان بگۆڕین.
لە ووڵامی هەڕەشەی کەماڵ خەڕازیدا، مەتیۆ میلەر، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەو لێدوانانە نابەرپرسیارانەن، وەک سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەندین جار بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە، ئەمریکا ڕێگە بە ئێران نادات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ئەم بابەتە 49218 جار خوێندراوەتەوە