ھۆشیار سیوەیلی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد
پەیامی کورد ... ھۆشیار سیوەیلی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد
ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارتی، پێشوازی لە ڕافائیل مۆڤسێسیان کونسووڵی گشتی ئەرمینیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکان کرا، بەتایبەتی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
سیوەیلی بە ووردی ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە ھەمبەر ئەو پرسانەدا خستەڕوو و جەختی کردەوە، دەتوانرێت چارەسەری تەواوی پرس و گرفتەکان لەڕێگای گفتوگۆ و تێگەشتنەوە بێت.
کونسووڵی گشتی ئەرمینیا باسی پەیوەندییەکانی نێوان ووڵاتەکەی و ئازەربایجانی کرد و جەختی کردەوە، گفتوگۆکان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی نێوانیان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە بەردەوامە، لە ڕۆژانی ڕابردوو ھەنگاوەکانی بەرەو ئاشتی قۆناغی باشیان بڕیوە، بە ھیواین لە داھاتوویەکی نزیک بگەینە ڕێککەوتن و کۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵە بھێنین.
پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی ھەماھەنگی زیاتر بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان بۆ تەواوی سێکتەرەکان، بە جۆرێک بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا بپارێزێت و فراوانتری بکات.
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە