"ھیچ جیاوازییەک لەنێوان پڕۆژی ھەژماری من و تەوتین نییە"
پەیامی کورد ... "ھیچ جیاوازییەک لەنێوان پڕۆژی ھەژماری من و تەوتین نییە"
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێڕاق دەڵێت : لەڕووی یاسایی و تەکنیکی ھیچ جیاوازی لە نێوان پڕۆژەی ھەژماری من و تەوتین نییە و گرفتیش لەسەر ئەو پڕۆژەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێڕاق نییە، دواکەوتنی مووچەش پەیوەندی بە ھەژماری منەوە نییە، چوونکە ئەوەی ھەیە ھەندێک گرفتی تەکنیکی نێوان ھەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێمە، ئێستا گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بە یەکجاری چارە بکرێت و کۆتایی بەدواکەوتنی مووچە بێت.
دکتۆر فازل نەبی ، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێڕاق، ڕایگەیاند: پڕۆژەی ھەژماری من ھیچ گرفتێکی یاسایی و تەکنیکی نییە، ئەوەی ھەیە بۆ مەرامی سیاسی بەکار دێت دەنا لە ھەموو ڕوویەکەوە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تەوتین نییە، تەنیا سەرەتایەکەی گرفتێک ھەبوو ئەویش دادگا ڕوونکردنەوەی دا و چارە بوو.
دکتۆر فازل نەبی ووتیشی : پڕۆژەی ھەژماری من ھیچ پەیوەندییەکی بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانەوە نییە، ئەوەی ھەیە گرفتی تەکنیکی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ھەندێک جار لە لیستەکان گرفت درووست دەبێت، ئەوانیش بۆ ھەرێمی کوردستانی دەگەڕێننەوە تا چارە بکرێت، ئێستاش کار دەکرێت بۆ ئەوەی بەیەکجاری سەرجەم کێشەکان چارە بکرێن، چوونکە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق بەردەوام گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی ھەنە نەمێنن و بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی لەمەودوا گرفتی دواکەوتنی مووچە چارە بکرێت.
نەبی باسی لەوە کرد: خەڵکێک زیاتر متمانەی بە بانکی حکوومی ھەبوو نەک ئەھلی، ئەوەش ھیچ گرفت نییە، چونکە ئەو بانکانە بە حکوومی و ئەھلییەوە لەلایەن بانکی ناوەندی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، بۆیە ھیچ جیاوازییەکیان نییە و بانکی ناوەندی لە دروستبوونی ھەر گرفتێک بەرپرسیارە، بۆیە لەڕووی متمانەوە بەو شێوەیە نییە کە ھەندێک کەس باسی دەکەن، یەکلاش بۆتەوە جیاوازی لە نێوان تەوتین و ھەژماری من نییە و ئەوانەی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکەن سەرکەوتوو نابن، لە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق ھیچ گرفتیان نییە، لەبەر ئەوەی ھەژماری من بەپێی یاسا لە بانکەکان ھەژمار بۆ مووچەخۆران دەکاتەوە و لەڕێگەی ئەو ھەژمارە مووچەی خۆیان وەردەگرن، کەس بۆی نییە دەست لە ھەژمارەکەت وەربدات، بۆیە ئەو بانکانە باوەڕ پێکروان و بێ گرفتن.
ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە