ھەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر ھەندێ ماددە و بڕگەی یاسای بوودجەی عێراق تۆمار دەکات.
پەیامی کورد ... ھەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر ھەندێ ماددە و بڕگەی یاسای بوودجەی عێراق تۆمار دەکات.
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر یاسای بوودجەی پشتڕاست کردەوە و ووتی : ئەو ماددە و بڕگانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە پێچەوانەی دەستووری عێراقن.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند : حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای لەسەر ھەندێ ماددە و بڕگەی نێو یاسای بوودجەی گشتی عێراق تۆمارکردووە و پێی وایە ئەو ماددە و بڕگانە پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقن و پێویستە ھەموار بکرێنەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دیارە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بە یاسای بوودجەدا کردووە و پێی وایە ھەندێ خاڵی نێو یاساکە کە پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقن و پەنای بردووتە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی.
خەلیل غازی ووتیشی: ھەرێم ئەو سکاڵایەی بەبێ پێداچوونەوەی کەسانی یاسایی و دەستووری تۆمار نەکردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یە، بزانین دادگا لەسەر تانەی ھەرێمی کوردستان چ بڕیارێک دەدات.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە