ھەورامانی : بۆ کوردستانێكی بەھێز مەسروور بارزانی دەست لەباوەڕی خۆی ھەڵناگرێت

پەیامی کورد   ...   ھەورامانی : بۆ کوردستانێكی بەھێز مەسروور بارزانی دەست لەباوەڕی خۆی ھەڵناگرێت

ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دیدارێک لەگەڵ ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و باس لە گرنگی دیدارەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکات لەگەڵ چین و تویژەکانی خەڵکی کوردستان.

لەبارەی گرینگی دیدارەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ خەڵکی کوردستان، پێشەوا ھەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ، ووتی: "ئەمە پێنجەم جارە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕێگای میداکانەوە لەگەڵ چین و توێژەکان کۆدەبێتەوە، ئەم سیاسەتە پەیوەندی بەخودی سەرۆکوەزیرانەوە ھەیە کە نایەوێت بەربەست لەنێوان خەڵک و خودی سەرۆکی حکوومەت ھەبێت، دەیەوێت خۆی گوێی لێبێت کە خەڵک چ داواکارییەکی ھەیە، پرسیاری گرینگ ئەوەیە کە ئەو داواکارییانەی لێدەکرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟ ئایا ئەمە داواکارییە لەسەر شاشە ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکرێت؟ یان بەگرینگییەوە وەردەگیرێت؟ بەڵام لە ڕاستیدا ھەموو ئەو داواکارییانەی خەڵک ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی دەکاتەوە بەگرینگییەوە وەردەگیرێن".

ھەورامی دەڵێت، لەدیداری یەکەمی سەرۆکوەزیران لەگەڵ خەڵک کۆمەڵێک داواکاری ھەبوون خرانە بەردەم سەرۆکوەزیران، بۆ نموونە خانەوادەیەکی یەزیدی داواکاریان ھەبوو خرایە بەردەم سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ داواکاریەکە لەلایەن بەڕێزیەوە جێبەجێ کرا و بابەتی گەشەپێدانی ھەڵەبجە ئەویش بینیمان چیکرا بۆ ئەو پارێزگایە، یەکێکی دیکە بابەتی بەقەزاکردنی خورماڵ بوو، ئەوەشی جێبەجێکرد و بینیمان کە بەچ شێوەیەک پێشوازی لە سەرۆکوەزیران کرا لە خورماڵ و ئەنجوومەنی پشتیوانی بەقەزاکردنی شارەکە دیاری تایبەتیان دایە سەرۆکوەزیران، ئەمە ھەموویان بەوردەکاری لەبەردەم ئێمە ھەیە کە چیکراوە، و بابەتی کشتوکاڵ لە دیدارەکان باس کراوە، ھاوکات ڕوونە پرسی کشتوکاڵ لای سەرۆکوەزیران چ گرنگی ھەبووە و لەماوەی ئەم ساڵانە ھەوڵی زۆری داوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و کردنەوەی عەلوە و مۆڵەتدان بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و، یەکێکی دیکە لەو پرسانەی باسکراوە بابەتی سەلامەتی ھاتووچۆ بووە، لەدیداری یەکەم ئەفسەرێک داوای لە سەرۆکوەزیران کرد کە بابەتی سەلامەتی ھاتووچۆ گرنگی پێبدرێت دوایین پڕۆژەی گەورەش لەم بابەتە لە ڕانییە بووە کە بەڕێزیان سەردانی ڕانییە کرد و پردێکی گەورەی کردەوە، لە دیداری یەکەم خەڵکی ئاکرێ داواکاریان ھەبوو کە شارەکەیان بکرێتە پایتەختی نەورۆز ئەوەبوو بەڕێزیان لە ڕۆژی نەورۆز بەئامادەبوونی نوێنەری ووڵاتان بەمەراسمێکی شکۆدار یادی نەورۆز کرایەوە.

ناوبراو باس لەوەش دەکات: "یەکێکی دیکە لە داواکاریەکان کەسێک بوو لە شاری سلێمانی کە داوای کرد گرینگی بە نەخۆشخانەی سوتاوی بدرێت لە سلێمانی  دوای ئەو داواکارییە، دەرماڵەی مەترسی لە %١٠٠ زیاد کرا و زیادکردنی پێشینەبوو لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لە ٧ ملیۆنەوە کرایە ١٠ ملیۆن و دابینکردنی ٤ ئۆتۆمبێل و لەگەڵ ٢٠ کەس کە دامەزراون بۆ ئەو نەخۆشخانانە و ٢٥ کارمەندی گرێبەستیش بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی ھەولێر دامەزراوە، کە سەرجەم ئەو داواکاریانەی لە دیداری سەرۆکوەزیران باس دەکرێن بەگرنگییەوە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت".

لەبارەی ئەوەی کە چ لایەنێک ھەیە لە کوردستان ڕێگری بکات لە کارەکانی سەرۆکوەزیران؟ ووتەبێژی حکوومەت دەڵێت: "بەڕاشکاوانە لەبابەتی ئاوەدانی و وەبەرھێنان و چاکسازی ئەگەر باوەڕی توندی سەرۆکوەزیران و پێداگیری خۆی نەبوایە جێبەجێ نەدەبوو، سەرۆکوەزیران دەست لە پرەنسیپی خۆی بەرنادات، چوونکە ھەندێک جار ڕوویداوە لەپرسێکدا حکوومەت بڕیارێک دەدات بەس لەناوچەکە ڕێگری بۆ دروست دەکرێت و ھەندێک جار ڕەنگە لایەنێک کەمتەرخەم بێت لە ئیدارەدان بۆیە پێویستی بەیەک تیم ھەیە دەبێت لەژێر کاریگەری ھیچ لایەنێکی سیاسی ڕێگری لەکارەکانی نەکرێت و دەبێت حکوومەتی سەرتاسەری بێت و لەھەموو شوێنێک بڕیار جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە لەھەندێک ناوچە لاملی ھەبووە بۆ بڕیارەکان".

لەبارەی ھەژماری من، دەڵێت: "ھەژماری من بەپێداگیری بەڕێزیانە و پڕۆژەکە بە بەراوردی چەند مانگ پێش ئێستا زۆر جیاوازە لەھەندێک ناوچە باش چووەتە پێشەوە لە ھەولێر لە %٩٥ی تێپەڕاندووە لە دھۆک لە %٩٠ و لە سلێمانی لە ھەوڵدایە ڕێژەکە بەرزتر بکرێتەوە، واتا ھەژماری من ھەمان تەفسیری تەوتینی ھەیە بەس نازانین ئەو دژایەتییە چییە ھەندێک لایەنی سیاسی ھەیانە بەتایبەت پیس خۆ و ھەندێک لە سیاسییەکان ھەوڵی دژایەتی دەدەن بەمیدیاکانیانەوە ھەوڵی ناشیرینکردنی دەدەن دەزانن ئەمە سەر بگرێت پارە سپی کردنەوە و بن دیوار و وەرگرتنی ئەرقامی وەھمی بۆ چەکداری وەھمی و وەرگرتنی مووچە بەناوی خوازراو نامێنێت".

لەبارەی ئازادی میدیا لە کوردستان ڕاشیگەیاند: "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم دەیانوت لەوانەیە ئازادی میدیا سنوورداربێت کەچی ئێستا ووڵاتان ستایشی ڕۆڵی ئازادی دەکەن کە حکوومەت ڕێژەی پێشێلکاری دابەزیووە و مەیدانی باشتر سازکراوە بۆ میدیاکان لەھەر بابەتێک هێرشی ناڕەوا لەسەر سەرۆکوەزیران و کارەکانی كرابێت پێچەوانەی درووست بووە و سەرکەوتوو بووە لەو بوارە و باوەڕی بەڕێزیان لەوەیە کە ئەم ووڵامانە پێویستی بە گۆڕانکاریە و لەھەموو سێکتەرەکان خۆمان ئامادە بکەین و بناغەیەک دابنرێت، ھەروەھا سەرۆکوەزیران فکرەی زۆری بۆ داھاتوو ھەیە و ئەو پێویستی بەوەیە کە کاربکرێت لەدرووستکردنی پۆند و بەندئاو و سایلۆ و ڕێگە و کشتوکاڵی، چوونکە ئەگەر ژێرخانی باشت ھەبوو ئابووری وڵات بەئاسانی نالەرزێت، ئەگەر لەم قۆناغانە بناغەیەکی پتەو درووست بکەیت، بۆ داھاتوو باشتر بەرگەی قەیران دەگرێت و ئێمە چاومان لە داھاتووە و پێمان وایە سەرۆکوەزیران لەم ھەنگاوانە سارد نابێتەوە، ھاوکات لەجێبەجێکردنی بەرنامەی خۆی وەک چۆن ڕووبەڕووی ھەندێک تەحەدی سرووشتی و ناسرووشتی و سیاسی بوەتەوە بەڵام ھیچیان ڕای نەگرتووە لە داھاتووش سەرۆکوەزیران نە سارد دەبێتەوە و نە دەست لەباوەڕی خۆی ھەڵدەگرێت بۆ کوردستانی بەھێز".

ووتەبێژی حکوومەت دەشڵێت: "سەرۆکوەزیران پێش ئەوەی بچێتە ئەو دیدارانەش لەگەڵ خەڵکی ھەڵەبجە و ھەورامان دانیشتنی کردووە و ئەم بەرکەوتە ڕاستەوخۆیانە نیشانەی ئەوەیە کە خۆی دەیەوێت گوێ لە خەڵک بگرێت، ئەوانەی داواکاریان ھەبووە شتیان خستووەتەڕوو کە بەڕێزیان لەوە پێداگیری کردووە کە دەبێت داواکارییەکان بەھەند وەربگیرێت ستافیک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانە بە ووردی ووڵامی پێشنیازەکان دەدەنەوە".


ئەم بابەتە 22846 جار خوێندراوەتەوە