ھەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان هەیە
پەیامی کورد ... ھەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان هەیە
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەێنێت، ھەوڵێکی جیددی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و دەشڵێ، ئەمریکا بەردەوام لەسەر هێڵە و سبەی ئێمەش وەکوو لیژنەی نەوت و گاز لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی عێراق کار لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم دەکەین.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، لە ئێستادا دوو خاڵ لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ماون، ئەوانیش دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کە زیاتر لە ملیارێک دۆلارە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە مانگی ١٠ تاوەکوو کۆتایی مانگی ٣ی ٢٠٢٣، کە کرێی گواستنەوەی نەوت لەسەر حکوومەتی عێراقە و پێویستە ئەو قەرزە بداتەوە و سەبارەت بە ١٦ دۆلاریش بۆ کرێی کۆمپانیاکان، پێویستە گرێبەستێک بکرێت و حکوومەتی عێراق تێیدا بەشدار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای ئەپیکۆر پێی ھەڵدەستێت، بۆیە ئێستا یاساکە ئێمە چارەسەرمان کردووە و تەنیا لایەنی تەکنیکی ماوە، کە پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە چارەسەر بکات، چوونکە ئەو پرسە لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە.
سوبحی ووتیشی، سبەی وەکوو لیژنەی نەوت و گاز ئێمە لە لیژنەی خۆمان لە پەرلەمان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنان و بەڕێوبەری فەرمانگەی تەکنیکی و بەڕێوبەری ئابووری و کۆمەڵێک بەرپرسی نەوتی عێراق کە کاریان لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم کردووە، کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی ماون بەزوویی چارەسەر بکرێن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، چوونکە ھەوڵێکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمریکا خۆی لەسەر هێڵە و لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانیشدا بەشداری دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی دەست پێبکاتەوە.
دەشڵێ، دواخستنی ئەو پرسە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە و پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە.
ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە