یاریدەدەری پووتین : ئەمریکا و ڕۆژئاوا هانی ئۆکراین دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا
پەیامی کورد ... یاریدەدەری پووتین : ئەمریکا و ڕۆژئاوا هانی ئۆکراین دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا
بەرپرسێکی باڵای کرێملین ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی و هاندەری ڕاستەوخۆی هێرشی ئۆکراین بۆ سەر خاکی ڕووسیا، ئەمریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە زاری ڕۆیتەرزەوە وەرگیراوە، نیکۆلای پاتروشێڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە پلاندانانی هێرشی ئۆکراین بۆ سەر ناوچەی کورسکی ڕووسیا .
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئیزڤستیای" ڕووسی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لێدوانەی ئەمریکا کە دەڵێت دەستی لەم هێرشەدا نەبووە، ڕاست نییە.
یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا درێژەی دا: ئۆپەراسیۆنی ناوچەی کورسیش بە بەشداری ناتۆ و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی ڕۆژئاوا پلانی بۆ دانرابوو. بەبێ بەشداری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەوان، کیێڤ نەدەچووە ناو خاکی ڕووسیا.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ئۆکراین پێشوەختە ئاگاداری لەشکرکێشییەکەی نەداوە و واشینتۆن هیچ دەستێکی لەو ئۆپراسیۆنەدا نییە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە چەکی ئەمریکی لە خاکی سەروەری ڕووسیا لە کورسک دایە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئۆکرانیا دەتوانن چەکی بەریتانیا لەسەر خاکی ڕووسیا بەکاربهێنن، بەڵام هێشتا سنووردارکردن بۆ بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودای ستۆرم ماوەتەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئۆکراین گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازی خۆی لەسەر خاکی ڕووسیا ئەنجامداوە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، ئۆکراین مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا، بەڵام ئەمە ڕێگری ناکات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر خاکی ڕووسیا.
ووتەبێژی بەریتانیا هەروەها ووتی : حکوومەتی بەریتانیا بە ڕوونی سیاسەتی خۆی لە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە دەینێرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاری کردووە. ئەم سیاسەتە بەو مانایەیە کە تانک و مووشەکی دژە تانک و کەرەستەی سەربازی دیکە کە بە ئۆکراین دراوە دەتوانرێت لە ناوخۆی ڕووسیا وەک بەشێک لە بەرگری ئۆکراین لە دژی دەستدرێژی ڕووسیا کەڵک وەربگیرێت.
لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئاب (١٦ی ئاب)ەوە، مۆسکۆ ڕووبەڕووی هێرشێکی لەناکاوی کیێڤ بووەتەوە بۆ سەر ناوچەی "کورسک"ی ڕووسیا و بەزاندنی هێزەکانی ئۆکراین لەودیو سنووری ئەو ووڵاتە، دوابەدوای پەرەسەندنی ململانێکان لەم ناوچەیە سنوورییە، ڕووسیا بەشێکی چۆڵ کردووە لە ناوچە نیشتەجێبووەکان لە هاووڵاتیانی مەدەنی .
ئەم بابەتە 11234 جار خوێندراوەتەوە