یەکیتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵمەتێکی نیشتیمانی ڕاگەیاند

پەیامی کورد   ...   یەکیتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵمەتێکی نیشتیمانی ڕاگەیاند

یەکیتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ھەڵمەتی نیشتیمانی ۱٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان.

تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و جیھانییە، دەرخەری مامەڵەی نادرووستی تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگەی و گرووپە جیاوازەکانە بەرامبەر بە ئافرەتان.

تووندوتیژی ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەگشتی ھەیە بەتایبەت تووندوتیژی خێزانی، ئەم جۆرە تووندوتیژییە ھۆکاری نایەکسانی ‌نێوان ھەردوو ڕەگەزە لە ڕۆڵ و ئەرک و مافدا کە دەبێتە ھۆی پێشێلکاری لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەتان. 

لەژێر تیشکی ئەم تێروانینە بۆ ڕەوشی خێزان، ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەمساڵ بۆ ھەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بەئافرەتان، دیدی ڕێکخراوەکەمان جەختکردنە لەسەر درووشمی 'یەکدەگرین و خێزان دەپارێزین'' بەو مانایەی ھەردوو ڕەگەز بەرپرسیار و بەشدار و ھاوبەشن لە پێکھێنان بونیادنان و پتەوکردنی خێزان و کۆمەڵگە، مافی خاوەندارییەتی و بەرپرسیارییەتی بۆ ھەردوو ڕەگەزە بەبێ جیاوازی.

ئەم بۆنە بە دەرفەت دەزانین جەخت بکەینەوە لە گرینگی ئاشتی لە نێو خێزان و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، ئێستا پرسی تووندوتیژی گشتگیرتر کاری لەسەر دەکرێت و لە چوارچێوەی خێزان چڕ کراوەتەوە بەو ئامانجەی ڕێگە لە تووندوتیژی خێزانی بگیرێت بە مەبەستی ڕێگریکردنی تووندوتیژی و تەشەنەنەکردنی لەناو کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە ستەم و خۆسەپاندن، واتە نایەکسانی و نادادپەروەری و ھەموو تاکڕەوی و تووندوتیژی و دەستدرێژییەک بۆ سەر ھەرتاکێکی خێزان ڕەت بکرێتەوە، خێزانەکان دووربن لە جۆرە جیاوازەکانی زەبروزەنگ و تووندوتیژی جەستەیی و دەروونی و سیمبووڵی. ھاوکات چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە، دواجار ئەگەر شیرازەی خێزان پارێزراو و سەلامەت بێت بێگومان ئافرەتانیش دووردەبن لە تووندوتیژی و چەوساندنەوە.

ھاوکات لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە پلانی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لەلایەن حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە چۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، دەکرێت بڵێین حکوومەتی ھەرێم ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە چەسپاندنی بنەماکانی پاراستنی مافی ئافرەتان، ئێستا ئافرەت بەشدار و کارەکتەرێکی سەرەکی بونیادنان و گەشەپێدانی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و ژێرخانی کۆمەڵایەتییە. گرینگیدان بە توانا مرۆییەکانی ئافرەتان وایکردووە کە تێگەیشتنی کۆمەڵگە و خێزان بەگشتی بۆ ئافرەت لە ئاستێکی باشتردا بێت ئەمەش ئاکامی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.

لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئافرەتانە دادەنەوێنین کە بوونە قوربانی کولتووری تووندوتیژی و نادادپەروەری کۆمەڵگە.

 

یەکیتی ئافرەتانی کوردستان

۲٤ـی نۆڤەمبەری ۲٠۲٤


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە