20 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەڵات بۆ دەستگیرکردنی بریکاری ئێرانی پەیوەست بە پیلانی تیرۆرکردنی بۆڵتۆن

پەیامی کورد   ...   20 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەڵات بۆ دەستگیرکردنی بریکاری ئێرانی پەیوەست بە پیلانی تیرۆرکردنی بۆڵتۆن

شەهرام پورسەفی بە پێدانی ٣٠٠ هەزار دۆلار هەوڵی دابوو کەسانێک بۆ تیرۆرکردنی جۆن بۆڵتۆن بەکرێ بگرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا 20 ملیۆن دۆلار پاداشت پێشکەش دەکات بۆ هەر کەسێک زانیاری کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردن یان سزادانی شەهرام پورسەفی. بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەم کەسە هەوڵی دابوو کەسانێک بەناوی هێزی قودسی سوپای پاسداران بەکرێ بگرێت بۆ تیرۆرکردنی جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و ڕەنگە بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پوورسەفی خستۆتە لیستی تیرۆریستانەوە. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢، پۆرسەفی کە بنکەکەی لە ئێرانە، هەوڵی بەکرێگرتنی توخمە تاوانکارییەکانی ئەمریکای داوە لە بەرامبەر پێدانی بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلار بۆ کوشتنی بەڕێز بۆڵتۆن لە واشینتۆن یان... میریلاند." "
پوورسەفی کە ئیمکاناتی پشتیوانی و سەرچاوەی بۆ تیرۆرکردنەکە دابین کردووە، بە بکوژە چاوەڕوانکراوەکەی وتووە کە لە ڕاستیدا بووەتە سەرچاوەیەکی هەواڵگری بۆ ئەمریکا، کە ئەرکێکی تری تیرۆرکردنی لە مێشکیدایە بۆ ئەو دوای تەواوکردنی ئۆپراسیۆنی تیرۆرکردنی بۆڵتۆن.

پوورسەفی ئەگەر تاوانبار بێت، سزای ٢٥ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت. بەڵام هێشتا لە دەرەوەی ئەمریکایە و دەستگیر نەکراوە.

بۆڵتۆنی تەمەن ٧٥ ساڵ نەیارێکی ڕاشکاوی کۆماری ئیسلامییە و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بووە. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩دا پۆستەکەی لە ئیدارەی ترامپ بەجێ هێشت، ئەمەش چەند مانگێک پێش هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا لە بەغدا کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران.

لە دەقی سکاڵای وەزارەتی دادی ئەمریکا لە دژی پورسەفی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە ئەم پلانە تیرۆرکردنە "پێدەچێت" بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بووبێت.

مانگی ڕابردوو، بریکارێکی دەزگای نهێنی ئەمریکا بە لێکۆڵەرانی کۆنگرێس کە لێکۆڵینەوە لە هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی ترامپ دەکەن، ڕایگەیاندووە کە ئاژانسەکە هۆشداری دەربارەی هەڕەشەی "ئەگەری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێگەیشتووە.


ئەم بابەتە 45153 جار خوێندراوەتەوە