حەڵەب.. هێرش کرایە سەر بازگەیەکی ئاسایشی بەڕێوەبەریی خۆسەر

Dîroka Belavkirin :
حەڵەب.. هێرش کرایە سەر بازگەیەکی ئاسایشی بەڕێوەبەریی خۆسەر
پەیامی کورد- حەلەب... حەڵەب.. هێرش کرایە سەر بازگەیەکی ئاسایشی بەڕێوەبەریی خۆسەر

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (ئاسایش) ڕایانگەیاند: "بازگەیەکی هاوبەشی هێزەکانمان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە دوورەپانی (شیحان) لە شاری حەڵەب ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەوە."

ئاسایشی حەڵەب، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆرمی (X) ڕوونیکردەوە کە هێرشەکە لەلایەن "فەسیلەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری کاتی" ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانیان بە برینی جیاواز.

دواتر ئاسایشی حەلەب بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو کە هێرشەکە بازگەیەکی هێزەکانیانی لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە کردووەتە ئامانج و هێزەکانیان توانیویانە "هەوڵێکی دەستدرێژی ناپاکانە کە لەلایەن فەسیلەکانی سەر بە حکومەتی کاتی لە شاری حەڵەب ئەنجامدراوە، تێکبشکێنن." جەختیشیان کردەوە کە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی نوێ.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "وەڵامی هێزەکانمان متناسب بوو لەگەڵ جۆری هێرشەکە، لە چوارچێوەی مافی بەرگری ڕەوادا، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە دانبەخۆداگرتن بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی مەدەنییەکان."

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە دوو ئەندامی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەری خۆسەر بریندار بوون بەهۆی هێرشی "فەسیلە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق بۆ سەر بازگەیەک لە دوورەپانی شیحان." هەسەدە حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانی و ڕایگەیاند کە ئەمە نیشانەی "بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکانە کە هەڕەشە لە ئاسایشی شارەکە و ژیانی مەدەنییەکان دەکات."

هەروەها هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە "فەسیلەکانی حکومەتی دیمەشق بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشێکی توند دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەڵەب."

لە بەرانبەردا، میدیا فەرمییەکانی حکومەتی دیمەشق ڕایانگەیاند کە ڕێگای غازی عەنتاب - حەڵەب لە لایەنی هەردوو دوورەپانی لێرموون و شیحان داخراوە. وەزارەتی ناوخۆی سووریاش ڕایگەیاند کە هێزەکانی (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بازگە هاوبەشەکاندا، دوای پاشەکشەی کتوپڕ و تەقەکردن لە بازگەکان سەرەڕای ڕێککەوتنەکان.

بە وتەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەم پێکدادانە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ و ئەندامێکی سوپا، جگە لە برینداربوونی چەندین مەدەنی و ئەندامی بەرگری شارستانی.

بەپێی زانیارییەکان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پێکدادانەکان لەو ناوچەیە بە توندی بەردەوامن.