پەیامی کورد... هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ واشنتۆن سەبارەت بە مانۆڕە موشەکییەکانی ئێران
بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە مانۆڕە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران ڕەنگە زەمینەخۆشکەر بن بۆ وەشاندنی گورزێک لە ئیسرائیل.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە: "ئێمە ئاماژەمان بەوە کردووە کە ئێران دەستی کردووە بە دووبارە بونیادنانەوەی تواناکانی خۆی لە بواری موشەکیدا."
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە ماڵپەڕە ئەمریکییەکەیان ڕاگەیاندووە کە لایەنی ئێرانی "دەستی کردووە بە گرتنەبەری هەنگاو بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزەکانی، بەڵام هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە پێش شەڕی دوایی هەیانبوو."
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەواڵگری ئیسرائیل "پێی وا نییە خێرایی دووبارە بونیادنانەوەی هێزەکانی ئێران پێویستی بە جوڵەیەکی بەپەلە هەبێت، بەڵام ڕەنگە ساڵی داهاتوو بابەتەکە پێویستی بە پەلەکردنی زیاتر بێت."
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە هەواڵگری ئەمریکا لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی نییە کە نیشاندەری نزیکبوونەوەی هێرشی ئێران بێت بۆ سەر ئیسرائیل.
پێرێ شەممە، سەرچاوە ئاگادارەکان و چوار بەرپرسی پێشووی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە میانی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ لە فلۆریدا لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دۆسیەیەک پێشکەش بە سەرۆک ترەمپ بکات سەبارەت بە بژاردەکانی وەشاندنی هێرشی سەربازی نوێ دژی ئێران.