- سێناتۆری باڵای کۆمارییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران " دۆناڵد ترامپ کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی دەبێت "
لیندسی گراهام ، سێناتۆری باڵای کۆمارییەکانی ئەمریکا، ڕۆژی ١٧ی بەفرانبار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، بە شێوەیەکی کەموێنە هەڕەشەی لە سەرانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: ئەگەر کوشتنی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، دۆناڵد ترامپ کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران، ڕوو لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ووتی: «ئەگەر لە کوشتنی ئەو خەڵکەی خوازیاری ژیانێکی باشترن بەردەوام بن، ترامپ دەتان کوژێت.»
گراهام بە «نازی» ناوبردنی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران، بۆ خۆپیشاندەرانی دووپات کردەوە کە «گۆڕانکاری نزیکە» و ووتیشی: «یارمەتییەکان بەم زووانە دەگەن.»
ئەم سێناتۆرە کۆمارییە، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە «گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» وەسف کرد و وەبیری هێنایەوە کە ترامپ، بە پێچەوانەی ئیدارەی ئۆباما، لە ئاست سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران بێکردەوە نابێت.