شەڕ و پێکدادان لە حەلەب بەردەوامن... هەسەدە برینداربوونی پێنج کەسی مەدەنی ڕادەگەیەنێت

Dîroka Belavkirin :
شەڕ و پێکدادان لە حەلەب بەردەوامن... هەسەدە برینداربوونی پێنج کەسی مەدەنی ڕادەگەیەنێت
پەیامی کورد- حەلەب... شەڕ و پێکدادان لە حەلەب بەردەوامن... هەسەدە برینداربوونی پێنج کەسی مەدەنی ڕادەگەیەنێت

هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە "پێنج مەدەنی بەهۆی هێرشی فەسیلەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" لە حەلەب بریندار بوون، لە کاتێکدا وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا، هەسەدە بە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە شاری حەلەب تۆمەتبار دەکەن.

هەسەدە لە نوێترین کۆمێنتیدا سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی حەلەب ئاماژەی بەوە کرد: "پێنج مەدەنی کە منداڵێکیان تێدایە، بەهۆی هێرشی فەسیلەکانی حکومەت بە چەکی قورس و قەزیفەی هاوەن بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بریندار بوون."

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی "سانا" بڵاوی کردووەتەوە، هەسەدەی تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بازگە هاوبەشەکاندا، ئەوەش دوای پاشەکشەیەکی کتوپڕی هێزەکانی هەسەدە، کە بەپێی بەیاننامەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەندامێکی ئاسایشی ناوخۆ و ئەندامێکی سوپا.

هاوکات ئاژانسی فەرمی سووریا لە زاری وەزارەتی بەرگرییەوە گواستییەوە: "هەسەدە بە شێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردووەتە سەر خاڵەکانی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای سووریا لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە، ئەمەش برینداربوونی لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکان و سوپادا لێکەوتووەتەوە."

لە بەرانبەردا، بەیاننامەکەی هەسەدە ڕوونی کردەوە کە هۆکاری پێکدادانەکان "هێرشی فەسیلەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بووە بۆ سەر بازگەی دووڕیانی شیخان، کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی ئاسایش."

پێشتریش لە هەمان ڕۆژدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە حەلەب ڕایانگەیاندبوو کە بازگەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە دووڕیانی شیخان لە شاری حەلەب ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە. ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هێرشەکە لە لایەن "فەسیلەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی سووریاوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانیان بە برینی جیاواز."