پەیامی کورد ... لیندسی گراهام : ڕێگری کردن لە قسەکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە داڤۆس، پەیامێكی یەكلاكەرەوەی جیهان دژی ڕژێمی سەركوتكەرە
لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بۆ پێشگرتن لە قسەکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی داڤۆس كرد.
ناوبراو لە پەیامەکەدا نووسیویەتی؛
"بە ناوی هەموو ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا بە شوێن ئازادی لە ستەم و چەوسانەوە دەگەڕێن، سوپاسی بڕیارەکەتان بۆ ڕێگری كردن لە قسەكردنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس دەكەم".
گراهام بە ئاماژە بە سرقوشتی کۆماری ئیسلامی زیادی کرد؛
"دڵخۆشم کە بەرپرسانی داڤۆس درکیان بەوە کرد کە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئێران - کە ووتەبێژی ڕژێمێکی تیرۆریستە و هاووڵاتییانی خۆی دەکوژێت و دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە - نابێت لە کۆنفڕانسێکی لەو شێوەیەدا پێشوازی لێ بكرێت".
ناوبراو ئەو بڕیارەی بە "هەنگاوێکی درووست" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە؛
"ئەم هەنگاوە، هانی خەڵكی ئێران دەدات بۆ ئەوەی لەسەر داواكارییەكانیان بۆ كۆتایی هێنان بە ستەم بەردەوام بن. جیهان پێویستە پەیامی لەو جۆرە بنێرێت.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە دواجار جارێکی دیکە ستایشی ئەو بڕیارەی کرد و بە هەنگاوێکی گرینگ لە پاڵپشتی کردنی خەڵكی ئێران ناوی برد.