کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد لە ئیسرائیل لەنگەر دەگرێت
لە نوێترین هەنگاوی واشینتۆن بۆ چڕکردنەوەی فشارە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی ئەمریکا یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد لە بەندەری حەیفای ئیسرائیل لەنگەر دەگرێت.
رۆژنامەی "جارۆزالم پۆست" بڵاوی کردەوە کە گەیشتنی ئەم کەشتییە زەبەلاحە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی بوونی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەمەش دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و گرژییە ئەتۆمییەکان دێت. هاوکات لەگەڵ جووڵەی ئەم کەشتییە، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی و فڕۆکەی سووتەمەنی بەخشی ئەمریکی لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی ئیسرائیل بیندراون.
گەیشتنی ئەم کەشتییە بۆ شاری حەیفا گرینگییەکی ستراتیژی هەیە، چونکە ئەو شارە کە ناوەندی هێزی دەریایی ئیسرائیل و گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەو ووڵاتەی لێیە، لە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران داڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی قورس بووەوە. ئێران پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی لەناوبردنی بەندەری حەیفای کردووە.