فەرمانی چۆڵ کردنی “دەشتی گەرمسیر”؛ زیادبوونی گرژی لەسەر سنوورەکانی کوردستان
دوابەدوای پێشهاتەکانی ئەم دوایی یە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هاوکات لەگەڵ قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری چوونە ناوەوەی ئەم هاوپەیمانییە بۆ قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بانگەشەکان سەبارەت بە پشتیوانی ئەمریکا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەی “دەشتی گەرمسیر” دەرچووە.
ئەو هۆزە کۆچەرییانەی کە لە کەرتی سنووری لەگەڵ عێراق دا دەژین – لە ناوچەکانی سومار، گیلان غەرب و قەسر شیرین – پێیان ووتراوە ئەم ناوچەیە بەجێ بهێڵن. دەوترێت ئەم ڕێوشوێنە لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی نوێی ئەمنی لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوا گیراوەتەبەر.
لە هەمان کات دا سەرچاوە ناوخۆیی یەکان باس لە ناردنی یەکەکانی لیوای ٣٥ی ڕەنجەر و فیرقەی زرێپۆشی ٨١ی سوپا بۆ ئەم ناوچەیە دەکەن. ئامانجی ڕاگەێندراو بریتییە لە دامەزراندنی قەڵا و بنکەی سەربازی لە دەشتی گەرمسیر.
لە دیوەکەی تری سنووریش دا ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەهێزبوونی بوونی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری بڵاوکراونەتەوە.
دەشتی گەرمسیر کە دەکەوێتە پارێزگای کرماشان و تەنیشت سنووری عێراق بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەنرێت و بەشێک لە سامانی نەوت و غازی ناوچەکەش لەم ناوچەیە هەڵکەوتووە.