پەیامی کورد ... یەکیتی ئەورووپا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانی ئەندام لە یەکیتی ئەورووپا هەنگاوێکی "یەکلاییکەرەوە"یان ناوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند : "هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەناوچوونی خۆی دەکات."
ئەم بڕیارەی یەکیتی ئەورووپا دوای چەندین هەفتە لە فشاری سیاسی و دیپلۆماسی دێت و بە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی یەکیتی ئەورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێ.
ئەم بڕیارە رێگە بە ووڵاتانی ئەورووپی دەدات کە تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکەن، چوونە ناو خاکی ئەورووپا لە ئەندامانی قەدەخە بکەن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار بکرێ.