بلاگەرێکی پاکستانی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا

بلاگەرێکی پاکستانی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا
پەیامی کورد   ...   بلاگەرێکی پاکستانی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا

سەنا یوسف، تیک تۆکەری پاکستانی تەمەن ١٧ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە ئیسلام ئاباد تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی تەقەی لێکردووە، چووەتە ناو ماڵەکەی و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە. تا ئێستا پاڵنەری ڕووداوەکە ڕوون نییە. میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، لەوانەیە تۆمەتبارەکە میوانی ماڵەکەی بووبێت.

ئەو ئەستێرە هەرزەکارە پاکستانییە بەڕەچەڵەک خەڵکی خەیبەر پختونخوا بووە و ناوەڕۆکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک درووست کردووە و زیاتر لە ٩٠٠ هەزار فۆڵۆوەری هەیە.

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردەوە، هێرشبەرەکە چووەتە ناو ماڵەکەی و دوای تەقەکردن لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە. بەڵام تەلەفزیۆنی سەما لە زاری بەرپرسانی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە میوانی ماڵەکەی خۆی بووە. تەرمی ئەو هەرزەکارە بۆ پزیشکی دادوەری گواستراوەتەوە بۆ پشکنینی جەستەی.

ڕووداوەکە لە سۆشیال میدیا ڕووماڵێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، زۆرێک لە بەکارهێنەران و هەوادارانی کچەکە داوای ناسنامەی تاوانبارەکە دەکەن و بە خێرایی دەستگیربکرێن.

پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاندووە، بە بەکارهێنانی گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تیڤی، تۆمەتبارەکەیان بەناوی ئەی حەیات دەستنیشان کردووە و دەستگیریان کردووە.

ئەمە یەکەم حاڵەت نییە کە ئەمساڵ کچێکی هەرزەکاری کاریگەر لە پاکستان بکوژرێت. پێشتر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری کوێتا بەهۆی بەکارهێنانی تیک تۆکەوە لەلایەن باوک یەوە کوژرا.

ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە