هێزی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند

هێزی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند
پەیامی کورد   ...    هێزی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند

کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ووڵامی پەیامەکەی عەبدۆڵلا ئۆجالان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. ئازادکردنی ئۆجالان یشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

میدیاکانی سەر بە  هێزی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە " ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە" پەیامەکەی سەرۆک عەبدۆڵڵا ئۆجالان، ڕێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دێموکراسی ڕوون دەکاتەوە و مانیفێستێکی سەردەمیانەیە و گرینگه ناوەرۆکەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو کەسێک ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی خۆی بەجێ بگەێنێت.

 هێزی کرێکارانی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە ڕاستەوخۆ بە ناوەرۆکی بانگەوازەکە پابەند دەبن و کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت مەرجەکانی سیاسەتی دێموکراسی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەێندراوەکەی کۆمیتەی جێبەجێکاری پەکەکەدا هاتووە "لەمەودوا ئاگربەست ڕادەگەێنین بۆ ئەوەی داوای ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دێموکراتی بکەین تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ناکات". 

هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەستنی کۆنگرە و ئاماژەیداوە، ئامادەین کۆنگرە بکەین، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەبێت هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە سەرۆک عەبدۆڵڵا ئۆجەلان خۆی کۆنگرە بەڕێوە ببات.

 

ئەم بابەتە 114 جار خوێندراوەتەوە