شەمخانی : ئێران پێشنیارێکی نوێ بۆ ئەمریکا دادەڕێژێت

پەیامی کورد ... شەمخانی : ئێران پێشنیارێکی نوێ بۆ ئەمریکا دادەڕێژێت
ڕاوێژکاری سیاسی ڕابەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ووتی: ئەو پێشنیازەی کە ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کردووە "ناتەکنیکی و ناپڕۆفیشناڵە" و ئێران خەریکی داڕشتنی پێشنیارێکی نوێیە.
بە پێی ڕاپۆرتێک ، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری سیاسی ڕابەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی مەیادین جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پێشنیازەی کە ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کردووە "ناتەکنیکی و ناپڕۆفیشناڵە" و ئێران خەریکی داڕشتنی پێشنیارێکی نوێیە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران هەرگیز دەستبەرداری مافە سروشتییەکانی نابێت، ووتی: پێشنیازی ئەمریکا تەنانەت پرسی هەڵگرتنی گەمارۆوەکانیش ناخاتە ڕوو، لە کاتێکدا ئەم پرسە پرەنسیپێکی بنەڕەتییە بۆ تاران.
شەمخانی هۆشداری دا: ئێران ڕێگە نادات ئەمریکا ئامانجەکانی هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی و گەیاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر بگات.
ناوبراو لە کۆتایی دا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە دانووستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە سەردەمی ئۆبامادا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




