شەیبانی: پێشنیارێکمان بۆ چالاککردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ هەسەدە پێشکەش کردووە

Dîroka Belavkirin :
شەیبانی: پێشنیارێکمان بۆ چالاککردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ هەسەدە پێشکەش کردووە
پەیامی کورد- دیمەشق... شەیبانی: پێشنیارێکمان بۆ چالاککردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ هەسەدە پێشکەش کردووە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیمۆکرات گوزارشت لە ئیرادەی سووریا دەکات بۆ یەکخستنی خاکەکەی، بەڵام هیچ ئیرادەیەکی جدیمان لەلایەن ئەوانەوە نەبینیوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە؛ بۆیە ئەم دواییانە پێشنیارێکمان بۆ جوڵاندنی ئەرێنییانەی ڕێککەوتنەکە پێشکەش کرد و دوێنێ وەڵامەکەمان پێگەیشت و ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەین لێی."

شەیبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدانی هاوتا تورکەکەی وتی: "ناوچەی جەزیرە بەشێکی بنەڕەتییە لە سووریا و دەوڵەت گرنگییەکی تایبەتی پێدەدات، هەر دواکەوتنێک لە یەکگرتنەوەی هەسەدەدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم ناوچەیە دەبێت و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا."

هەروەها وتیشی: "گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە سووریا، لەگەڵ داڕشتنی دیدگایەکی هاوبەش سەبارەت بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا."

وەزیری دەرەوە ڕوونیکردەوە کە شەرع لەگەڵ شاندە تورکەکەدا باسی لە بابەتە گرنگەکان کردووە، لە سەرووی هەموویانەوە هاوکاری ئابووری و بازرگانی بەتایبەت دوای لادانی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکاریی هەواڵگری و سەربازی و گەڕانەوەی پەنابەران. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا ستراتیژین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەموو کەرتەکاندا بەرەوپێش دەچن.

لەلایەکی دیکەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: "پێویستە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە جێبەجێ بکرێت، جەخت دەکەینەوە کە یەکگرتنەوەیان لە حکومەتدا لە بەرژەوەندی هەمووان دەبێت."

فیدان وتیشی: "سەقامگیری سووریا بەواتای سەقامگیری تورکیایە، گفتوگۆکان باسیان لە مەلەفی هەسەدە کردووە و وەها دەردەکەوێت کە ئەوان مەبەستیان نییە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار جێبەجێ بکەن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە باسیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی "داعش" کردووە و ئەوەی کە دەتوانن پێکەوە ئەنجامی بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.