لەئاگر كەوتنەوەكەی موسڵ نزیكەی 400 قوربانی هەیە

لەئاگر كەوتنەوەكەی موسڵ نزیكەی 400 قوربانی هەیە

پەیامی کورد... لەئاگر كەوتنەوەكەی موسڵ نزیكەی 400 قوربانی هەیە


ژمارەی قوربانیانی ئەو ئاگركەوتنەوەیەی شەوی رابردوو لە هۆڵی شایی شارۆچكەی حەمدانییەی پارێزگای موسڵ كەوتەوە ڕوو لە زیادبوونە، تاكو ئێستا كاربەدەستان دەڵێن زیاتر لە (120) گیانیان لەدەستداوەو (250) كەسی دیكەش برینداربوون.

(نەجم جبوری) پارێزگاری موسڵ لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی جەزیرە وتی: بەپێی ئەو زانیارییانەی بەو گەیشتوون لە نێوان (800 هەتا 1000) كەس لە هۆڵەكەدا بوون كاتێك ئاگرەكە كەوتۆتەوە بەهۆی یاری ئاگرین یان مۆمی سەر كێكەكان.

مانگی سووری عێراقی كە بەشداری لە هەوڵەكانی فریاكەوتن دەكات ڕایگەیاند، زیاتر لە (450) كەس گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون.

كەسوكاری ژمارەیەك لە قوربانییەكان لە لێدوانەكانیان بۆ كەناڵە ناوخۆییەكان باسیان لەوە دەكرد كە چەندین خێزان دەناسن تەواوی ئەندامەكانیان لە ڕووداوەكە لەدەستداوە. بەشێكی زۆری قوربانییەكان كەوتوونەتە ژێر پێوە.

دەڵێن هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی ئاگرەكە بە خێرایی ئەوە بووە ئەو ماددەیەی بنمیچی هۆڵەكەی پێداپۆشرابوو گڕیگرتووەو بەربۆتەوە، هۆڵەكە بە شێوەیەك وێرانبووە وەك ئەوەی بۆمبی تیایدا تەقیبێتەوە.

(سەعەد مەعەن) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە تویتەرەكەیەوە پشتڕاستی كردەوە بنمیچی هۆڵەكە بە پلێتی ئەلوكۆبۆند دروستكراوە كە زوو ئاگردەگرێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەكان، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە بەغداشەوە تیمی پزیشكی ڕەوانەكراون بۆ بەهاناچوونی بریندارەكان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە