پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی له باڵیۆزى نوێى كۆریاى باشوور له عێراق كرد
باڵیۆزی نوێی کۆریای باشوور لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و بە بۆنەی سەرکەوتنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد.
دووشەممە 11/17، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له لى جۆن ئیل، باڵیۆزى نوێى كۆریاى باشوور له عێراق كرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی کردن له باڵیۆز، ئاماژەی بە دۆستایەتی و پەیوەندی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا کرد و ههموو پشتیوانییەکی حکوومەتی ههرێمى كوردستانى بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە دەربڕی.
باڵیۆزی کۆریا، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی ووڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
باڵیۆزی کۆریا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و هەروەها دەستخۆشی ئەنجامدانی پڕۆژە و سەرکەوتنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، لە سەرۆکی حکوومەت کرد.
