پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆ هەوڵەکانی بۆ سەلامەتی هەمووان دەخاتەڕوو و داوایەكیش لە هاووڵاتییان دەكات
دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، هێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا، داوای لە هاووڵاتییان کرد، پرۆژەکانی هاتووچۆ بە هی خۆیان بزانن و پاڵپشتییان بکەن، چوونکە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل کە بۆ خزمەتی مرۆڤ داهێنراون، بەهۆی خراپ بەکارهێنانەوە بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە ڕووداوەکانی هاتووچۆ زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێکەوتۆتەوە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2022دا سێ هەزار و 706 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 445 کەس و برینداربوونی حەوت هەزار و 250 کەسی دیکە. ئەم ئامارانە وایانکردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کەم کردنەوەی ئەم "تیرۆرە سپییە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم دا، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بۆ کەم کردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ جێبەجێ کردووە، لەوانە:
- نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی ڕێگەوبان: زیاتر لە 1967 پڕۆژەی درووستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- دانانی کامێرای تیژڕەوی (خاڵ بۆ خاڵ): ئەم سیستەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە کەم کردنەوەی خێرایی و پابەندکردنی شۆفێران.
- پردی سەلامەتی: دانانی گاردڕێل لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان، هێڵکاری شەقامەکان و درووست کردنی پردی پەڕینەوەی پیادە.
- چاکسازی لە سیستەمی مووڵەتی شۆفێری دا
یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکان، چاکسازی بووە لە سیستەمی پێدانی مووڵەتی شۆفێری دا. سیستەمی کۆنی "تایبەت" و "گشتی" هەڵوەشێنراوەتەوە و سیستەمێکی نوێ و مۆدێرن پەیڕەو کراوە کە 13 جۆر مۆڵەت لەخۆدەگرێت. ئەم جۆرانە لە پۆلێنی (A) بۆ ماتۆرسکیل دەست پێدەکات و تا پۆلێنی (T) بۆ تراکتۆر درێژ دەبێتەوە. ئامانج لەم گۆڕانکارییە، دڵنیابوونە لەوەی شۆفێر بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پەروەردە دەکرێت و تەنیا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لێدەخوڕێت کە شارەزایی تەواوی تێدا هەیە.
بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە، ئامارەکانی ڕووداو و قوربانیانی هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. بە بەراورد بە ساڵی 2022، ڕێژەی گیان لەدەستدان بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ تا ساڵی 2024 نزیکەی 78% دابەزیوە. لە ساڵی 2024دا نزیکەی سێ هەزار ڕووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە نزیکەی 350 کەس گیانیان لەدەست داوە. ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.