پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک بارزانی و تۆماس باڕاک ئەنجامدرا

Dîroka Belavkirin :
پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک بارزانی و تۆماس باڕاک ئەنجامدرا
پەیامی کورد... پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک بارزانی و تۆماس باڕاک ئەنجامدرا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعوود بارزانی و تۆم باڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا ئەنجامدرا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە، کە لەو پەیوەندییەدا بیروڕا و دیدگاکان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کران.

ئاماژەیان بەوەش کرد، کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لە گرتنەبەری هەموو ئەو هەنگاوانەی کە ڕێگری لە ڕوودانی گرژی، پشێوی و کارە شەڕەنگێزییەکان دەکەن، و کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ڕوونیشیان کردەوە، کە لە کاتی پەیوەندییەکەدا هەردوولا پێزانینی بەرامبەریان بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرە دەربڕی کە گێڕاویانە لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک بارزانی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی و جەختی لە پاراستن و بەردەوامبوونی ئەو هاوپەیمانییە کردەوە کە لە نێوان گەلی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە.