چواریانێکی هەولێر ناوی لێ نرا " کەزی "

Dîroka Belavkirin :
چواریانێکی هەولێر ناوی لێ نرا " کەزی "
پەیامی کورد    ...   چواریانێکی هەولێر ناوی لێ نرا " کەزی "

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر، وەک هێمایەک بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی و گیانی بەرگری، بڕیار درا چواریانێکی شاری هەولێری پایتەخت بە ناوی "کەزی" ناوبنرێت.

بەیانی چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەکە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان و جوانترکردنی سیمای شارستانی پایتەخت، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی دامەزراوەکان کردەوە لە جێبەجێ کردنی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.

لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر پێشنیاری کرد چواریانێکی شاری هەولێر ناوی "کەزی" لێ بنرێت و شوێنێکی شایستەی بۆ دیاری بکرێت. ئومێد خۆشناو هۆکاری ئەم پێشنیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەم ناوە لە ئێستادا بووەتە هێمایەک بۆ پێداگری لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و زیندووکردنەوەی گیانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی داگیرکەران.

پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە "ئەم ناونانە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە و پەیامێکی ڕوونە بۆ بوونی یەک ووتاری لە ناو ماڵی کورددا."

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکە، بە کۆی دەنگ بڕیارەکەیان پەسەند کرد. ئەندامانی ئەنجوومەن ئاماژەیان بەوە دا کە ناوەڕۆکی بڕیارەکە ماهییەتێکی قووڵی هەیە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە گەلی کوردستان لە هەر پارچەیەکی ئەم خاکە بن، خاوەنی یەک بیر و یەک گیانن.

بڕیارە لە ماوەیەکی نزیک دا ڕێکارە هونەرییەکان بۆ دەستنیشان کردن و ناونانی چواریانەکە جێبەجێ بکرێن.