کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر گۆڵموراد مورادی بیرمەند و نووسەر و وەرگێڕی کورد خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو لە ئاڵمانیا
ڕۆژی شەممە ٣ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٤ دوکتور گۆڵموراد مورادی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و کەسایەتییەکی کاریگەر لە بواری مافی فەرهەنگی و مرۆیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆچی دوایی کرد.
ژیانی ئەو ڕەنگدانەوەی ڕوونی تێکەڵ بوونی ئازار و مەعریفە و بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی بوو.
ناوبراو لە ١٣ی ئازاری ١٩٤١ لە گوندی چیاکەچەل، سەر بە سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان لە دایکبووە. لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە کاری خشتکێش کردووە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەک شاگرد کاری کردووە.
بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بواری سەربازی دا خزمەت دەکات؛ ئەزموونێک کە دواتر لە شیکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دا ڕەنگدانەوەی هەبوو و وای لێکرد بە ڕوانگەیەکی واقیعی و ڕەخنەگرانە سەیری دەسەڵات و پێکهاتەکانی بکات.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی ئەکبەر و شەوانە تەواو کردووە و لە کاتی کارکردنیش دا بڕوانامەکەی لە قوتابخانەی ئەمریکی وەرگرتووە.
بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ئەمریکی درێژە بە خوێندن دەدات و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ئاڵمانیا و لە زانکۆی هایدلبێرگ ئابوری و کۆمەڵناسی خوێندووە تا بڕوانامەی ماستەر، دوای ئەوەش دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان وەرگرتووە.
لووتکەی چالاکییە ئەکادیمییەکانی نووسینی تێزەکەی بوو بۆ پڕۆفیسۆرییەکەی، بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەی بەنرخی لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان لە ئێران ئەنجامدا.
لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٣ لە زانکۆکانی هایدلبێرگ، برێمن و هامبۆرگ وانەبێژ بووە.
بەدرێژایی ساڵان دوکتور گۆڵموراد مورادی بە ڕوانگەیەکی شیکارییەوە مێژوو و کۆمەڵناسی و پرسە نەتەوەییەکانی بە خوێندکارەکانی دەوتەوە و لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە ناساندنی مێژوو و کولتوری کورد بە زانکۆکانی ئەوروپا.
دوابەدوای ئەوە بە دامەزراندنی فەرمانگەی ڕاوێژکاری خێزانی و وەرگێڕان لە یەک کاتدا بە چوار زمانی کوردی، فارسی، ئاڵمانی و ئینگلیزی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و زمانەوانی دا درێژە بە چالاکییە پیشەیی یەکانی خۆی دەدات.
بەرهەمەکانی بریتین لە : "بزووتنەوە نەتەوەیی یەکانی ئێران لە داگیرکاری عەرەبی بۆ سەر ئێران ەوە بۆ کۆماری کوردستان لە مەهاباد" بە زمانی ئاڵمانی، "مێژوو و ڕێوڕەسمەکانی ئاهەنگی نەورۆز" بە زمانی ئەڵمانی، "ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد"، "چاوخشاندنێکی کورت لە مێژوو و فەلسەفەی یارسان"، "پوختەیەک لە مێژووی ئایینەکان" و ڕۆمانی "چی ڕاستییەکی تاڵ" کە... لە کەنەدا بڵاوکراوەتەوە.
لە چوارچێوەی چالاکییە مەدەنییەکانیدا، بۆ ماوەی سێ خول ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی قەڵەمی ئێرانی لە غوربەت و بۆ ماوەی یەک خول ئەندامی شەورای ڕاوێژکاری کۆمەڵەی نووسەرانی ئێرانی لە دەربەدەری دا بووە.
ساڵی ١٩٩٨ وەک وتەبێژی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری یارسان لە دەرەوەی وڵات ناسێندرا و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بەرپرسی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤە.
دوکتور گۆڵموراد مورادی لە کۆبوونەوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ و لە ووتارەکانی دا بە زمانی ئینگلیزی داکۆکی لە مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەیی یەکان بە تایبەت یارسانەکان کردووە.