بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی "یەکەمین سەمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" دەستیپێکرد

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی "یەکەمین سەمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" دەستیپێکرد
پەیامی کورد   ...   بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی "یەکەمین سەمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" دەستیپێکرد

پێنجشەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  "یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت.

لە بارەی سیمپۆزیۆمەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا ڕایگەیاندووە: "ئەم سیمپۆزیۆمە  بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتییە لەو جۆرەیە، کە بە بەشداری بەرفراوانی زیاتر لە ٤٠ ئەکادیمیست و توێژەری زیاتر لە ٢٥ زانکۆی نێودەوڵەتی بەناوبانگ لە ١٥ جیھانی، دیارترینیان زانکۆی ھارڤارد و ئۆکسفۆرد و کامبریج، ھەروەھا ژمارەیەک توێژەر و ئەکادیمی دیکەی بەشداربوو لە زانکۆ جیاوازەکانی عێراق".

ھەروەھا ئاماژەی داوە: "لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لەو توێژینەوانە دەکرێت کە تایبەتن بە فەرھەنگ، ھونەرە بینراوەکان و پیشە سریانییەکان، مۆسیقا و گۆرانی سریانی، شانۆی سریانی، ھونەری نمایشی و سینەمای سریانی، ھەروەھا ژیانی گوندە سریانییەکان، لەگەڵ مێدیای سریانی و چۆنیەتی پەرەپێدانی".

ھەر لەم سیمپۆزۆمەوە گفتوگۆ لەسەر ٥٠ توێژینەوە دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی زانستی و لە نێوان ١٠٠ توێژینەوەی پێشکەشکراو بۆ بەشداریی لەم سیمپۆزیۆمە ھەڵبژێردراون.