مه‌سروور بارزانی : به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانكۆیه‌ك هیوا و ئومێدمان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر زیاتر ده‌بێت

مه‌سروور بارزانی : به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانكۆیه‌ك هیوا و ئومێدمان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر زیاتر ده‌بێت
پەیامی کورد   ...   مه‌سروور بارزانی : به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانكۆیه‌ك هیوا و ئومێدمان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر زیاتر ده‌بێت

 شەممە، 7ی 9ی 2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە شاری هەولێر كرده‌وه‌.

له‌ ڕێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانی، مه‌سروور بارزانی ووتارێكی گرینگی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند، لەو كاتەی كە بەرپرسیاریەتی سەرۆكایەتی ئەم كابینەیەم وەرگرتووە، هەستم بە كەموكوڕی كردووە كە لە زۆر بواردا لێكۆڵینەوە و زانیاری و داتای وورد لەبەردەست نییە، بۆیە دەبێ زانكۆكانمان لەم ڕووەوە هاوكارمان بن.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانكۆیه‌كی ئاست به‌رز هیوا و ئومێدمان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر زیاتر ده‌بێت.

ئه‌مه‌ش ده‌قی ووتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی بەڕێز

مێوانانی هێژا

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتیی بەریتانیا بەشدارم.

كردنەوەی ئەم زانكۆیە، كردنەوەی دەرگای ئەزموونی دەوڵەمەند و شێوازی خوێندنی زانكۆكانی بەریتانیایە بۆ هەرێمی كوردستان. ئەم هەنگاوەش كاریگەریی بەرچاوی لە پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەمان كاتدا زەمینەیەكی لەبارتر دەڕەخسێنێت بۆ پێشكەوتن و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بوارەكانی كەلتووری و زانستی و ئابووری.

وڵاتەكەمان لە رووی سەرچاوەی مرۆڤی دەوڵەمەندە و كۆمەڵگەیەكی گەنجمان هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنان لەسەر گەنجەكانمان بكەین و پێیان بگەیەنین، تاكوو كارامەتر لە بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان بەشدار بن.

یەكێك لە ڕێگاكانی وەبەرهێنان لەسەر گەنجان و تواناكانیشیان، پێگەیاندنیانە لە ڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە، بۆیە بە كردنەوەی هەر زانكۆیەكی ئاست بەرز، هیوا و ئومێدمان بۆ ئاییندەیەكی گەشتر زیاتر دەبێت.

لەو بڕوایەدام ئەم زانكۆیەش كاریگەری و جێ دەستی لە بواری پێگەیاندنی پسپۆڕان و شارەزایانی كارامە دیار دەبێت و دەرچوانی ئەم زانكۆیە، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانی و پێش خستنی ووڵاتدا دەبیننەوە.

لێرەدا دەرفەتە كە باس لە گرنگیی توێژینەوە و ریسێرچە زانستییەكان بكەم. توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان كاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ بەرچاوڕوونیمان بۆ دانانی پلان و بەرنامەكانمان بۆ داهاتوو. لەو كاتەی كە بەرپرسیارێتیی سەرۆكایەتیی ئەم كابینەیەم وەرگرتووە، هەستم بە كەموكوڕی كردووە كە لە زۆر بواردا لێكۆڵینەوە و زانیاری و داتای ورد لەبەردەست نییە. بۆیە دەبێ زانكۆكانمان لەم ڕووەوە هاوكارمان بن. پێویستە زانكۆكانمان بناغەی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە پێشكەوتووەكانی دەرەوە دابنێن تاكوو لە بوارە جیاجیاكانی پێویست وەكوو كشتوكاڵ، پیشەسازی، ئابووری، ئاو، ژینگە و كەشوهەوا لێكۆڵینەوەی هاوبەش بكەن. زانكۆكانی بەریتانیاش لەم ڕووەوە ئەزموونێكی زۆر باشیان هەیە و ئەم زانكۆیەش دەتوانێت پردێكی باشتر بێت بۆ پێشخستنی ئەم بوارە.

بەر لەوەی بێینە ئێرە، بەردی بناغەی پۆندێكمان هەر لەناو سنووری ئەم زانكۆیە دانا، ڕووبەرێكی زۆری ئەم زانكۆیەش بۆ سەوزایی تەرخان كراوە و سوود لە وزەی نوێ وەرگیراوە. ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشییە و نیشانەی ئەوەیە كە بەڕێوەبەرانی ئەم زانكۆیە لە خەمی ژینگەپارێزیدان و بەپێی توانا و بەرپرسیارێتیی خۆیان، كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا دەكەن.

هیوادارم هەموو زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانمان رۆڵ و بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە ژینگەییەكان بگێڕن، ئومێدەوارم قوتابیانی ئازیزمان لەم زانكۆ و گشت زانكۆكانی دیكەمان هەمیشە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە ئەم زانكۆیانە بۆیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی لە ڕێی زانست و فێربوونەوە تواناكانیان بەرز بكەنەوە، تاكو بتوانن كاریگەرتر خزمەتی كوردستان و نیشتمانەكەیان بكەن و نموونەیەكی گەش و باڵای پاشەڕۆژی كۆمەڵگەكەمان بن.

لێرەدا پاڵپشتیی خۆم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم زانكۆیە دووپات دەكەمەوە و جارێكی دیكەش پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.