ووتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن : زۆرینەی کارتەکانی دەنگدان دراونەتەوە

ووتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن : زۆرینەی کارتەکانی دەنگدان دراونەتەوە
پەیامی کورد   ...   ووتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن : زۆرینەی کارتەکانی دەنگدان دراونەتەوە

ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان زۆرینەی کارتی دەنگدان دراونەتەوە، ئەوانەی ماویشن، ھاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی وەریبگرنەوە و لە دەنگدان بێبەش نەبن.

جومانە غەلای، ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند :  لە دھۆک ٧١١ ھەزار و ٩٥٨ کارت، لە ھەولێر ٩٤٣ ھەزار و ٢٧ کارت، لە سلێمانی ٩٧٠ ھەزار و ٦٩١ کارت و لە ھەڵەبجە ٥٩ ھەزار و ٧٩٠ کارتی دەنگدان دراونەتەوە دەنگدەران، واتە دەکاتە سەروو ٩٠%ی ڕێژەی گشتی کۆی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کارتی دەنگدان ھەیە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون: لە دھۆک ٧٣٧ ھەزار و ٨٥٩ دەنگدەر، لە ھەولێر ملیۆنێک  و ١٥ ھەزار و ٥٨٨ دەنگدەر، لە سلێمانی ملیۆنێک و ٨٣ ھەزار و ٢٤٨ دەنگدەر و لە ھەڵەبجە ٦٢ ھەزار و ٨٨٣ دەنگدەر ھەن.

ووتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەبارەت بەو کارتانەی تا ئێستا وەرنەگیراونەتەوە، لە دھۆک ٢٥ ھەزار و ٩٠١ کارت، لە ھەولێر ٧٢ ھەزار و٥٦١ کارت، لە سلێمانی ١١٢ ھەزار و ٥٥٧ کارت و لە ھەڵەبجە ٣ ھەزار و ٩٣ کارت ماون کە  بەگشتی ٢ ملیۆن و ٦٨٥ ھەزار و ٤٦٦ کارت دراونەتەوە و ٢١٤ ھەزار و ١١٢ کارتیش لە بنکەکانی دەنگدان ماون و ھاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بنکەکانمان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

وەک جومانە غەلاوی باسی کرد، لە شاری دھۆک زۆربەی دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و لە شاری سلێمانیش بە بەراورد بە شارەکانی تر ڕێژەکە کەمترە و بەگشتی بەم شێوەیەیە: لە دھۆک بە ڕێژەی ٩٦.٤٩% کارتی دەنگدان دابەش کراونەتەوە، لە ھەولێریش بە ڕێژەی ٩٢.٨٦%ی کارت، لە سلێمانی ٨٩.٦١% کارت و لە ھەڵەبجەش ٩٥.٨ کارت دابەش کراونەتەوە.