پەیامی کورد ... نرخی نان بەرز نابێتەوە
قایمقامییەتی هەولێر هۆشداری دەداتە نانەواخانەكان لەبارەی گرانگردنی نرخی نان و سەموونەوە و رایدەگەیەنێت،"رێگە نادەین هیچ خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەیەک نرخ گران بكات."
قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند نان و سەمون یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانى رۆژانەى هاووڵاتیان، بۆیە رێگە نادەین هیچ خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەیەک نرخ گران بکەن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر و سەرۆکى لیژنەى پشکنین و چاودێرى بازاڕ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"بەشێک لە خاوەنى نانەواخانە و سەمونخانەکان داوایان کردووە نرخى نان و سەمون گران بکەن بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، بەڵام رێگە بە هیچ کەسێک نادەین لە خۆیانەوە نرخ گران بکەن".
ئاماژەی بەوەشداوە، "تا ئێستاش نان و سەمون بە نرخى خۆیان دەفرۆشرێن لە بازاڕ و گەڕەکەکان و نرخیان بەرزنەبووەتەوە، بەڵام دەبێ داواکاریى کاسبکارانیش لەبەرچاو بگیرێت و باڵانسێک رابگیرێت لە نێوان بەرژەوەندى کاسبکاران و بەکاربەرانى نان و سەمون".
روونیشیكردووەتەوە،"بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەنجوومەنى نانەواخانە و سەمونخانەکان ئەنجام بدرێ، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک بۆ گرفتەکە و رێگە نادەین نانەواخانەکان دابخرێن و قەیرانى نان و سەمون سەر هەڵبدات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە