ئیسرائیل بەڵگەنامەگەلێک ئاشکرا دەکات کە ئاماژەن بۆ پەیوەندیی "حەماس" بە ڕژێمی پێشووی سوریاوە

Dîroka Belavkirin :
ئیسرائیل بەڵگەنامەگەلێک ئاشکرا دەکات کە ئاماژەن بۆ پەیوەندیی "حەماس" بە ڕژێمی پێشووی سوریاوە


سوپای ئیسرائیل دوێنێ هەینی، ڕایگەیاند کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە کەرتی غەززە، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و نامەی دۆزیوەتەوە، کە بە گوتەی خۆی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ڕژێمی پێشووی سوریا ئاشکرا دەکەن، جگە لەوەش پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران هەبووە.
بەپێی ڕۆژنامەی "جەروزیلیم پۆست"، بەڵگەنامەکان نامەی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان کەسایەتییە دیارەکانی حەماسی تێدابووە، لەنێویاندا یەحیا سینوار و ئیسماعیل هەنییە، لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵا، هەروەها محەممەد سەعید ئیزەدی، فەرماندەی فەیلەقی فەلەستین لە هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
یەکێک لە نامەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە سینوار جەختی لە گرنگیی سوریا کردووەتەوە بۆ حەماس و وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ پاراستن و بنیاتنانەوە و فراوانبوون دایناوە.
هەروەها جەختی لە پێویستیی مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد کردووەتەوە، بەو پێیەی ئەوە ڕێگە بە بزووتنەوەکە دەدات بە شێوەیەکی کاریگەر لە "میحوەر قودس"ی پەیوەست بە ئێرانەوە بەشدار بێت.
هەروەها بەڵگەنامەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکیان تێدایە کە ئیزەدی لەگەڵ بەرپرسانی حەماس و حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە، کە تێیدا تاوتوێی میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕەتکردنەوەی جەماوەریی چاوەڕوانکراو بۆ ئەم هەنگاوە کردووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە دیدارگەلی دیکە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی سوریا بە ئامادەبوونی گرووپە فەلەستینییەکان ئەنجام دراون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی تیشکی ڕاگەیاندن لەسەر گەڕانەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا.
بەپێی بەڵگەنامەکان، ئیسماعیل هەنییە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا داوای لە لایەنی سوری کردووە ژمارەیەک زیندانیی فەلەستینی ئازاد بکەن، وای داناوە کە ئەو هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی حەماس دەکرێن بەهۆی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق.
لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا، یەکێک لە شێخە نزیکەکان لە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە، ڕەخنەی توندی لە بڕیاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی سوریا گرتووە و هۆشداریداوە لەوەی هاوکاری لەگەڵ ئێران و ئەسەد و حوسییەکان، پاشەکشێیەکی ستراتیژیی مەترسیدارە و قبوڵکردنی ئەم ڕێچکەیە لە کۆتاییدا ڕەنگە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی حەماس.