بێ مەرج.. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "قەیسەر" لەسەر سووریا پەسەند دەکات

Dîroka Belavkirin :
بێ مەرج.. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "قەیسەر" لەسەر سووریا پەسەند دەکات
پەیامی کورد... بێ مەرج.. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "قەیسەر" لەسەر سووریا پەسەند دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پەسەند کرد، کە بڕگەیەک لەخۆدەگرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "قەیسەر" کە بەسەر سووریادا سەپێندرابوون، بەبێ هیچ مەرجێک.

پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ٣١٢ دەنگی بەڵێ و ١١٢ دەنگی نەخێری بەدەستهێنا.

پێشتر هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران لە چوارچێوەی وەشانێکی رێککەوتن لەسەرکراوی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە لە ٣٠٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە و پڕۆژەیاسایەکی ساڵانەی گشتگیرە بۆ سیاسەتی بەرگری و ڕۆژی یەکشەممە ئاشکرا کرا، بڕگەیەکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "قەیسەر"ی ساڵی ٢٠١٩ زیادکردبوو، کە ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی سووریا سەیر دەکرێت.

بەڵگەنامەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەبێت کۆشکی سپی راپۆرتی بەردەوام و ڕێکخراو پێشکەش بکات کە بیسەلمێنن حکومەتی سووریا شەڕی چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات و مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناو وڵات دەپارێزێت، هەروەها هیچ کارێکی سەربازیی تاکلایەنە و بێ پاساو دژی دراوسێکانی، بە ئیسرائیلیشەوە، ئەنجام نادات.

دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی پیران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات، پاشان پێشکەش بە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکرێت، کە هاوڕێ کۆمارییەکانی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکەن و سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە دەکەن کە پڕۆژەیاساکەیان داڕشتووە، تاوەکو پەسەندی بکات و دواتر وەک یاسایەکی کارپێکراو هەژمار بکرێت.

ترەمپ لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لە مانگی ئایاری ڕابردوو لە سعودیە، نیازی خۆی بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر سووریا راگەیاندبوو و ئیدارەکەشی بەشێوەیەکی کاتی سزاکانی هەڵپەساردبوو. بەڵام هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکانی "قەیسەر" کە توندترین سزاکانن، پێویستی بە دەرچوونی یاسایەک لەلایەن کۆنگرێسەوە هەیە.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ یاسای "قەیسەر"ی بۆ سزادانی پایەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا پەسەند کردبوو، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژی مەدەنییەکان لە سووریا.

هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنان و هاوکارییە بیانییەکان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئیدارە نوێیەکەی سووریا.