پەیامی کورد... ترەمپ: سەرەتای ساڵی داهاتوو ناوی بەشداربووانی ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەزە ڕادەگەیەنم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سەرەتای ساڵی داهاتوو ناوی ئەو سەرکردانەی جیهان ڕابگەیەنرێت کە بەشداری لە "ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەزە"دا دەکەن.
لە حەڤدەی مانگی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە ڕێگە بە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی ئاشتی دەدات و ئەو وڵاتانەشی کە لەگەڵیدا کار دەکەن هێزێکی نێودەوڵەتی کاتی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە غەزە دروست بکەن.
ترەمپ لە میانی چالاکییەکی ئابووریدا لە هۆڵی ڕۆزڤێڵت لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ژمارەیەک لە سەرکردەکان خوازیارن پەیوەندی بەو ئەنجوومەنەوە بکەن، کە بەپێی پلانی غەزە دامەزراوە و بەهۆیەوە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی (حەماس)دا بەدیهات".
ڕوونیشیکردەوە کە "پاشا و سەرۆک و سەرۆک وەزیران؛ هەموویان دەیانەوێت لە ئەنجوومەنی ئاشتیدا بن".
ترەمپ وتیشی: "دەبێتە یەکێک لە ئەفسانەیترین ئەنجوومەنەکان، چونکە هەمووان دەیانەوێت تێیدا ئەندام بن".
ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارەکەی- کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە داڕێژراوە- بە ئیدارەیەکی گواستنەوە (کاتی) وەسف کرد کە "چوارچێوەی کار دادەنێت و هەماهەنگی بۆ دابینکردنی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە دەکات"، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ پلانی ئاشتیی ترەمپ کە لە ٢٠ خاڵ پێکهاتووە.