پەیامی کورد... ڕێبەری درووزەکان لە ئیسرائیل داوای زەمانەتی ئەمنی لە ئەمریکا دەکات بۆ کەمینەکان لە سووریا
موەفەق تەریف، سەرۆکی ڕۆحیی تایفەی درووز لە ئیسرائیل، دوێنێ چوارشەممە، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد "زەمانەتی پاراستنی مافی کەمینەکان" لە سووریا بکات، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانەی ئەمساڵ هەندێک ناوچەی وڵاتەکەی بەخۆیەوە بینی.
تەریف لە میانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند کە پێویستە واشنتن ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریا جێبەجێ بکات لەپێناو بەهێزکردنی سەقامگیری، و ئاماژەی بەوەشکرد کە پاڵپشتیی ئەمریکا پێویستیی دەستێوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا ناهێڵێت.
هەروەها گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان وڵاتێکی زلهێزە، هیوادارین مافی سەرجەم کەمینەکان لە سووریا زامن بکات و لە هەر دەستدرێژییەک بیانپارێزێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی یان کوشتار دژی ئەم گرووپانە نەبین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشنیارەکانی شێخ حیکمەت هیجری بۆ جیابوونەوەی سوەیدا لە سووریا، جەختی لەسەر پێویستیی پێدانی "حوکمی زاتیی ناوخۆیی یان جۆرێک لە ئیدارەی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سووریادا بەو پارێزگایە کردەوە، وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی کەمینەکان و مافەکانیان".
سەبارەت بە زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان لە نێوان دیمەشق و سوەیدا، تەریف وەڵامی دایەوە: "دەبێت لە ڕێگەی ڕێگەدان بە دانیشتووان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و ڕێگەدان بە گەیشتنی تەواوەتیی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوەیدا، متمانە بونیاد بنرێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەمڕۆ متمانە بوونی نییە... دەبێت متمانە لە نێوان حکومەتی سووریا و درووزەکانی سوەیدا بگەڕێنرێتەوە".