غەسان حەسبانی جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند "حیزبوڵڵا لەبری ئەوەی هاوکاری دەوڵەتی لوبنان بکات، کردەوەکانی خۆی پەرەپێدەدات. بە سەرسەختییەوە ڕەتیدەکاتەوە چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات، سەرپێچی لە دەوڵەت و بڕیارەکانی و سەروەری یاسا و دەستوور دەکات، بەمەش هەموو لوبنان دەخاتە مەترسییەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداریمان لەوە داوە، ئەمڕۆش لە خاڵێکی نەگەڕانەوە نزیک دەبینەوە سەبارەت بە نوێکردنەوەی ململانێکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، وەک ئەوەی لە پاییزی ٢٠٢٤دا ڕوویدا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلعەرەبیە ئاماژەی بەوەدا کە "مەسەلەکە تەنها ئەوە نییە کە حیزبوڵڵا ماوەی ساڵێکە مووشەکی بەرەو ئیسرائیل نەناوە، بەڵکو لە ڕێککەوتنەکەدا کە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە سپۆنسەری کردووە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ژێرخانی سەربازیی ئەو حزبە، جگە لە داماڵینی چەک، بەدی نەهاتووە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنی ڕاوەستانی دوژمنایەتیدا تێپەڕیوە، سوپای لوبنان هەوڵی داماڵینی چەکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەدات، یان لانیکەم چەکەکانی کۆنترۆڵ بکات و لە دەستی دەوڵەتی لوبنان قەتیسیان بکات. بەڵام دوای ساڵێک ئەم کارە تەواو نەبووە، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنەکە مەرجی ئەوەی دابوو کە دەبوو لە ماوەی چەند مانگێکدا بکرێت لە بەردەوامی ئامادەبوونیەوە، ئەمە داواکارییەکی لوبنانە، کە لە یاسا و دەستووردا چەسپاوە”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا وەڵامی دایەوە: "ئەوەی شێخ نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی پارتەکە ئاماژەی پێکردووە- کە دووەم فەرماندەیی حزبەکە لە یەمەن و سوریا و شوێنەکانی دیکە بووە و ئەو ڕۆڵانەی بینیویەتی- بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە کە حزبوڵڵا بنکەیەکی سەربازی ئێرانییە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. ئامانجی سەرەکی ئەو حزبە بەرگریکردن لە لوبنان و شەڕکردن نییە لە ئیسرائیل". بەڵکو لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە پابەند بوو بە یاساکانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و بۆ چەند ساڵێک سەقامگیری لەسەر سنوورەکان مسۆگەر کرد تا ئەو کاتەی لەلایەن مامەڵەکارە ئێرانییەکەیەوە داوای لێکرا لە چەندین بەرەدا دەستوەردان بکات.
ناوبراو زیادی کرد: بۆیە حیزبوڵڵا دووپاتی کردۆتەوە کە هێزێکی سەربازییە کە دەستڕاگەیشتنەکەی زۆر لە سنوورەکان درێژ دەبێتەوە و ئامانجی تەنیا بەرگری لە لوبنان نییە، لە سووریا شەڕی کردووە و لە یەمەن مەشقی کردووە و لە چوارچێوەی کارەکانی ئێراندا بەشداری لە هەموو شەڕەکانی ناوچەکەدا کردووە.
حەسبانی لە کۆتاییدا دەڵێت: بۆیە حیزبوڵڵا مەترسییە بۆ سەر لوبنان، و بە تایبەتیش بۆ ئەو ژینگەیەی کە پەنای دەدات، چونکە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا، یەکەم کەس دەبێت قورسایی هێرشەکان لە ئەستۆ بگرێت.