پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوێك لە لقی ٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان ەوە
لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی بەیاننامەیەكدا ووڵامی چەواشەكارییەكانی مەڵبەندی سێی یەكیتی دەداتەوە و دەڵێت "بەرد مەگرنە ماڵی کەس، چوونکە ماڵتان لە شووشەیە".
لە بەیاننامەكەی لقی دووی پارتی هەروەها هاتووە "مەڵبەندی هەولێری یەكیتی لە ڕێگەی نووسیینە پڕ لە قین و دوژمنكارانەكەیان دەیانەوێت شکستییان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە".
دەقی بەیاننامەكەی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مەڵبەندی سێی یەكیتی:-
بەرد مەگرنە ماڵی کەس، چوونکە ماڵتان لە شووشەیە
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دا لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە لۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی بۆ ئەوەی ببێتە فشار لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بە خەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەیەنن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی.
ئەوڕۆ بەداخەوە نووسینێک بە دەست و خەتێکی پڕ لە قین و دوژمنکارانە لەلایەن مەڵبەندی هەولێری یەکیتی بڵاوکرایەوە و وەک ئەوەی هەنگوینییان لە دار دۆزیبێتەوە و دەیانەوێت شکستییان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە، دیارە وەک قوباد تاڵەبانی ووتەنی هێشتا (لە جەوی هەڵبژاردن ماون)، بەڵام مەڵبەندی یەکیتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حیزبەکەی دەبابە و کۆپتەر و چەکی قوڕس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندی کەسی و یەکلایی کردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا ئەوەشیان ئازادی بوو؟!
ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی حزبەکەی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد و قەتلوعامیان لە لالەزار بەرپا کرد ئەو کات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟!
ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزسیۆنتان لە زیندانەکانی سلێمانی ئاخنیوە، ئەوەیان ناوی چی لێ دەنێن، ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەمان چ مانایەکی هەیە ئەو دڵخۆشیەتان لەپای چی؟!
بۆیە واباشترە ئیتر مەڵبەندی یەکیتی و کەناڵ و سێبەر و دەست و پەیوەندەکانیان بێ دەنگ بن و دڵنیابن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی تری نییە و مێژوو شاهێدە و چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە، بۆیە وا باشترە کە ماڵتان لە شوشەیە، بەرد لە ماڵی کەسی تر نەگرن.
لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان
1ـی 12ـی 2025