زەنگی شەڕ و هەڵکشانی نرخی نەوت

Dîroka Belavkirin :
زەنگی شەڕ و هەڵکشانی نرخی نەوت
پەیامی کورد   ...   زەنگی شەڕ و هەڵکشانی نرخی نەوت

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ بەرزترین ئاستی شەش مانگی ڕابردوو بەرزبووەوە و خاوی برێنت بەربەستی 72 دۆلاری شکاند، ئەمەش دوای ئەوەی مەترسییە ژێئۆسیاسییەکان و ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز ڕوویان لە زیادبوون کرد. ئەم بازدانە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەو مۆڵەتە ١٥ ڕۆژەیەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاری کردووە تا بگەنە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کە وایکردووە بازاڕەکان "باجی مەترسی" بخەنە سەر نرخەکان لە ترسی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە.

لە ئێستادا خاوی برێنت بە 71.9 دۆلار و خاوی تەکساسی ئەمەریکی بە 66.7 دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت، کە ئەمە بەرزبوونەوەیەکی 2٪ـی لە یەک ڕۆژدا تۆمار کردووە. هاوکات کەمبوونەوەی چاوەڕوان نەکراوی یەدەگی نەوتی ئەمەریکا بە بڕی 9 ملیۆن بەرمیل و بەردەوامی سنووردارکردنی بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپێک پڵاسەوە، پاڵنەرێکی تری تەکنیکی بوون بۆ گرانبوونی نرخەکان. شیکارکارانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر گرژییەکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بڕۆن، ئەگەری هەیە نرخی بەرمیلێک نەوت لە کۆتایی ئەمساڵ دا بگاتە 91 دۆلار یان تەنانەت بەربەستی 100 دۆلاریش تێپەڕێنێت.

ئەم ناسەقامگیرییە لە کاتێک دایە کە گەرووی هورمز وەک گرینگترین خاڵی ستراتیژی، 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و هەر هەڕەشەیەک لەسەری دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە. لە بەرامبەردا ئاژانسی زانیاری ووزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات ئەگەر دۆخەکە هێور ببێتەوە، تێکڕای نرخی برێنت بۆ ئەم ساڵ لە دەورووبەری ٥٨ دۆلاردا جێگیر بێت. مێژووی بازاڕەکانی نەوت دەریخستووە کە لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، وەک شەڕی ئۆکراین لە ساڵی 2022، نرخەکان دەگەنە ئاستێکی پێوانەیی و تەنها بە دیپلۆماسی و دڵنیایی سیاسی ئارام دەبنەوە.