بەیاننامەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

Dîroka Belavkirin :
بەیاننامەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات
پەیامی کورد   ...   بەیاننامەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!
ئازادیخوازان و خەباتگێڕانی سەرانسەری ووڵات!
بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی ڕێکخراو و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناوەندگەرا لەپێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدا خەبات دەکات. کوردستان دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەر سەنگەر و ناوەندی سەرەکیی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە بووە. کوردستان لەو ماوەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگری خۆی داوە. شەڕی بەسەردا سەپاوە، دەیان ڕێبەری سیاسی لە سێدارە دراون و تێرۆر کراون، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار و چالاکی سیاسی شەهید بوون و لە زیندانەکاندا گیانیان لە دەستداوە ، کوردستانیش وەک جوغرافیایەکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و بە سیاسەتی سەرکوت و تاڵان‌وبڕۆ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئیدارە کراوە. 
ئێمە ئەم حیزبە سیاسییانەی "هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"مان واژوو کردووە، بە پشت بەستن بە مێژووی خەبات و تێکۆشانمان و بە سەرنجدان بە پێویستییەکانی ووڵامدانەوە و خۆدیتنەوە لە دۆخی سیاسی ئیستای ئێراندا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی بۆ نەماوەتەوە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە دژبەرەکانی ڕاوەستاو بووە؛ لە کوردستان وزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕی خۆمان یەک خستووە و هاوپەیمانییەکی سیاسیمان ڕاگەیاندووە. مەبەستی سەرەکی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری"دا پێک‌هاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.
ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانمان لەو هاوپەیمانییەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێمە بە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتی سەرانسەری نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغەدا پێ لەسەر پێویستی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسیی و مەیدانیی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دادەگرین. ئێمە وێڕای داکۆکی لە شکڵگرتنی قۆناغێکی گواستنەوەی دێموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە به‌ فەرمی ناسینی مافى نەتەوەیی نەتەوەکان، قبووڵ کردنی دێموكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.‌
ئێمە لەو هاوپەیمانییەدا باوەڕمان بە پاراستنی ژینگە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دابینبوون و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان و بە دامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوبەری و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سیاسی دێموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئايینییه‌ جۆراوجۆرەکانی ئەو ەوڵاتە دەستەبەر بکات؛ بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
ئێمە باوەڕمان وایە لە ئێستادا پتر لە هەرکاتێک یەکیتی سیاسی و هاوەوتاری لایەنە سیاسییەکان و تێکۆشانی هاوبەشی مەیدانییان مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بەردەوام بگۆڕەکانی ئێرانە. بۆیە ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەمان و هەموو خەڵکی کوردستانیش بۆ خۆدیتنەوە لە هاوپەیمانییەدا بانگهێشت دەکەین. 

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٣/١٢/١٤٠٤ (٢٢/٢/٢٠٢٦)
***

ئەندامانی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهاتوو لە:

- پارتی ئازادی کوردستان

- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان 

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات

- سازمانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان