وای نێت : ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ كۆتایی هەفتە کە پلانی بۆ دانرابوو، هەڵپەسێردرا
بە پێی ڕاپۆرتی وای نێت، بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانی ئیسرائیل، لە کاتێکدا کە بژاردەی ڕێککەوتنی دیپلۆماسی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر مێزە، دۆخی ئێستای دانووستانەکان ئەوەندە پڕ لە گومان و بێ متمانەیی یە کە پێدەچێت سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە هەموو کاتێک زیاتر بێ.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی، کە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە بەرنامەی بۆ دانرابوو، هەڵپەسێردراوە بۆ ڕۆژێکی نادیار - بەڵام پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیک دا بێت. ئەم دواخستنە نەك وەك پاشەکشە، بەڵکوو وەک نیشانەی لێکۆڵینەوەی ووردتر لە بژاردەکان و هەماهەنگی زیاتری نێوان واشینتۆن و تەلئەڤیڤ سەیر دەکرێت.
کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە کۆببێتەوە و تاوتوێی ئامادەکارییەکانی بەرگری، سیناریۆی ئەگەری ووڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتی دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەەکان لە ئەگەری هێرشکردن دا بکات.