پەیامی کورد... سزای نوێی ئەمریکا بەسەر حیزبوڵڵادا دەسەپێنرێت
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر چەند ئەندامێکی حیزبوڵڵادا ڕاگەیاند، بە تۆمەتی قۆستنەوەی کەرتی دارایی نایاسایی (نا فەرمی) لە لوبنان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسانەی لە سزا نوێیەکاندا کراونەتە ئامانج، "بەشدارییان کردووە لە پیلانەکانی خۆدزینەوە لە سزاکان لە ڕێگەی دامەزراوەی 'ئەلقەرز ئەلحەسەن'ەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادایە."
ئەوەشی خستە ڕوو کە "دامەزراوەی ئەلقەرز ئەلحەسەن بۆ لاوازکردنی دەوڵەتی لوبنان و دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاردەهێنرێت."
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە عەلی قەسیر، سەرکردە لە "حیزبوڵڵا" کە نیشتەجێی ئێرانە، یارمەتی حیزبەکە دەدات بۆ دەربازبوون لە سزاکان، و وتیشی: "محەمەد نایف ماجد و عەلی کەرنیب هاوبەشی خاوەندارن لە کۆمپانیای زێڕی سەر بە حیزبوڵڵا."
هەروەها وتی: "ئەندرێ ڤیکتۆرۆڤیچ بۆریسۆڤی ڕووسی لەگەڵ عەلی قەسیر، سەرکردەی حیزبوڵڵا کار دەکات بۆ کڕینی چەک لە ڕووسیا، و مامەڵەی لەگەڵ تیمی دابینکردنی دارایی 'حیزبوڵڵا' کردووە بۆ ئاسانکاریی گرێبەستە بازرگانییەکان کە ڕووسیا دەگرێتەوە."
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە "تیمی دابینکردنی دارایی 'حیزبوڵڵا' کۆمپانیایەکی تورکییان بەکارهێناوە بۆ هەناردەکردنی پەینە ئێرانییەکان بۆ تورکیا."
وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە حیزبوڵڵا "لە سیستەمی دارایی جیهانی دادەبڕێت، بۆ ئەوەی دەرفەت بە لوبنان بدرێت بگەڕێتەوە بۆ ئاشتی."