پەیامی کورد ... کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە توونێله بۆردومانکراوەکانی ئێران
ڕافائیل گرووسی، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆم، ئاشکرای دەکات کە ئێران بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە ناو دامەزراوە ژێرزەمینییەکان دا هێشتووەتەوە کە پێشتر ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە. ئەو بڕە ماددەیەی لەوێ پارێزراوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان بەسە بۆ دروستکردنی ١٢ بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش وای کردووە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی لە ناوچەکەدا بچێتە قۆناغێکی هەستیارەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو ماددانە لەژێر داروپەردووی توونێلە تێکدراوەکان یشدا بن.
بەگوێرەی لێدوانەکانی گرووسی بۆ ڕۆژنامەی فاینشناڵ تایمز، تاران ڕێگری دەکات لە چوونە ناوەوەی پشکنەرانی ئاژانس بۆ ناو ئەو توونێلە قووڵانەی کە بە گەورەترین چەکەکانی جیهان کراونەتە ئامانج. بەرپرسانی ئێران مەرجی بوونی ڕێوشوێنی تایبەت و پرۆتۆکۆڵی نوێیان داناوە بۆ ڕێگەدان بە هەر سەردانێک، لە کاتێکدا ئاژانس پێی وایە ئەم بەربەستانە زیاتر ڕەهەندی سیاسییان هەیە نەک تەکنیکی و جەستەیی.