سیناتۆرەکانی ئەمریکا پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە لە سوریا پێشکەش دەکەن

Dîroka Belavkirin :
سیناتۆرەکانی ئەمریکا پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە لە سوریا پێشکەش دەکەن


پەیامی کورد- دیمەشق
سێ سیناتۆری ئەمریکی بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین، مارک مولن و جۆنی ئێرنست، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کرد کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی دوو یاسای سەرەکی بوو کە چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەو سزایانەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەسەر سوریادا سەپێنراویان پێکهێناوە.
بەگوێرەی دەقی پڕۆژە یاساکە کە دووجار لە ئەنجومەنی پیران خوێندراوەتەوە و ڕەوانەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراوە بۆ پێداچوونەوە، پڕۆژە یاساکە پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە لە سوریا و گەڕاندنەوەی سەروەری لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٣ دەکات، ئەم یاسایە دوای تیرۆرکردنی ڕەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکراوە و زنجیرەیەک سزای بەسەر حکومەتی سوریادا سەپاندووە لەو کاتەدا.
ماڵپەڕی "تیڤی سوریا" بڵاویکردەوە، پڕۆژە یاساکە هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوەی مافی مرۆڤی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢ دەکات کە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە سوریا پەسەندکرا و ڕێگەی بە فراوانکردنی سزاکان داوە بۆ ئەوەی بەرپرسان و لایەنەکانی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بگرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بە هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەی یاسادانان دادەنرێت، بەو پێیەی پێویستی سەرەتا بە ڕەزامەندی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەیە، پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدان لە ئەنجومەنی پیران، پاشان ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی کاریگەر.