پەیامی کورد... عێراق ٤٥٨٣ دەستبەسەرکراوی چەکدارانی داعش لە سووریاوە وەردەگرێت
عێراق تا ئێستا ٤٥٨٣ ئەندامی ڕێکخراوی "داعش"ی وەرگرتووە کە لە سووریا دەستبەسەر بوون، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا مانگی ڕابردوو دەستی بە گواستنەوەیان کرد، وەک ئەوەی بەرپرسێکی عێراقی ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی "فەرەنسا پرێس"ی ڕاگەیاندووە.
ئەم کەسانە لەنێو ئەو ٧ هەزار دەستبەسەرکراوەی ڕێکخراوەکەدان کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) مانگی ڕابردوو دەستپێکردنی گواستنەوەیان لە سووریاوە بۆ عێراق ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی "دڵنیابوونە لە مانەوەی تیرۆریستان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا".
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، ڕۆژی سێشەممە وتی: "عێراق تا دوێنێ دووشەممە ٤٥٨٣ ئەندامی ڕێکخراوەکەی کە لە سووریا دەستبەسەر بوون، وەرگرتووە".
مەعن ڕۆژی شەممە جەختی کردەوە کە پرۆسەی گواستنەوەکە "بە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" ئەنجام دەدرێت کە لە ساڵی ٢٠١٤وە بە سەرکردایەتی واشنتۆن بۆ شەڕی دژی ئەو ڕێکخراوە پێکهێنراوە.